حهیدهر عهبادى: ئامادە نین هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكەین

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێشنیاز كرابوو ٣% لە مووچەی خانەنشینان بۆ مووچەی حەشدی شەعبی و ئاوارەكان ببڕدرێت، بەڵام سەرۆكوەزیران ئەو پێشنیازەی رەت كردەوە و مووچەی خانەنشینان كەم ناكرێتەوە.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشنیاز كرابوو لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا مووچەی خانەنشینان ٣% كەم بكرێتەوە و بخرێتە سەر بوودجەی حەشدی شەعبی و ئاوارەكان، بەڵام شەوی رابردوو سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراقمان كرد و لەگەڵیدا كۆ بووینەوە، ئەو رەتی كردەوە كە مووچەی خانەنشینان كەم بكرێتەوە و داوای كرد كە پێویستە مووچەكەیان وەك خۆی بمێنێت".
(سلێڤانەیی) گوتیشی، لەبارەی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستانیشەوە، پرسیار لەسەرۆكوەزیرانی عێراق كرا و ئەویش باسی لەوە كرد كە ئامادە نین هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكەن، هەروەها بەشەبوودجەیشیان لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا دانراوە و، خەرجكردنیشی پێوەستە بە رادەستیكردنی نەوتی هەرێم، بۆیە ئەگەر نەوتی خۆیان رادەستی بەغدا نەكەن، بە هیچ شێوەیەك هیچ بڕەپارەیەكیان بۆ رەوانە ناكەن.
بڵند ئیبراهیم




