ڕووسیا گوندێکی سووریای تەخت کرد

ئانكارا-KDP.info- ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا گوندی (دەرەتازە) کە سەر بە پارێزگای (ئیدلیب)ـە لە سووریا بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا 4 هاووڵاتی کوژراون و، بە دەیانیش بریندار بوونە.
بە گوێرەی سەرچاوەهەواڵ، ئەو سارووخەی ڕووسیا لەو گوندەی داوە، چەندین بینای ناو ئەو گوندەی لەگەڵ زەویدا کردووە بە یەک و کاریگەری لەسەر چەند ناوچەیەکی دوروبەری خۆیشی هەبووە، کە ڕەیحانەی سەر بە تورکیایە.
گوندی (دەرەتازە) دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەی رەیحانەی سەر بە پارێزگای (هەتای) لە تورکیا، بۆیە خەڵکی رەیحانە هەستیان بە دەنگی ئەو سارووخە کردوە و، زۆر ترساون.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ڕادیکال)ـی تورکیا خەڵکی رەیحانە ترسی زۆریان لێ نیشتوە بەوەی ڕووسیا شارۆچکەکەی ئەوان بۆردومان بکات و بڵێت نەمزانیوە، چونکە ئەو شوێنانەی ڕووسیا لە سووریا بۆردومانی دەکات 10 کم لە تورکیاوە دوورە.
لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی تورکیا چەندین جار ڕووسیای ئاگادار کردوەتەوە کە ئەو شوێنانەی ئەو لە سووریا بۆردومانی دەکات، بە هیچ شێوەیەک داعشی لێ نییە و، کاریگەری خراپی لەسەر خاکی تورکیا هەیە، چونکە هاووڵاتی تورکی نزیک ئەو شوێنانە لە دڵەراوکێییەکی زۆردا دەژین.
کارزان گلی




