حەشدیشەعبی خورماتوو چۆڵ ناكات

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ئاشکرای کرد، حەشدیشەعبی لە جیاتی ئەوەی ناوشار چۆڵ بکەن، وەکچۆن لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ کورددا ھاتووە، چەند بەرزەشوێنێکی دیکەی شارەکەشیان داگیر کردووە!
(فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوزخورماتوو ئارامە و، ھیچ ئاڵۆزییەک نەقەوماوە، بەڵام هێشتا کورد و شیعە دەستیان نەکردووەتەوە بە دانوستان؛ ھەندێک لە پیاوماقووڵان سەرقاڵی ئەوەن کە دانوستانەکان دووبارە دەست پێ بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە."
(فارووق ئەحمەد) گوتیشی، خەتای حەشدیشەعبییە دانوستان پەکی کەوتووە، ئاخر گوێیان لە ڕێککەوتنەکە نییە و، پێشێلی دەکەن؛ خۆی بەپێی ڕێککەوتنەکە پێویست بوو دیاردەی چەکدار لە ناوشاردا نەمینێت و، حەشدیشەعبی و پێشمەرگە بکشێنەوە بۆ دەرەوەی شار، بەڵام حەشدیشەعبی لە جیاتی چۆڵکردنی ناوشار کۆمەڵێکی شوێنی بەرزیشیان داگیر کردووە لە ناو شارەکەدا.
(ئەحمەد) ڕوونیشی کردەوە، ھێزی پێشمەرگە ھیچ شوێنێکی داگیر نەکردووە و، تەنها لای سایلۆیەکە نەبێت، ئەوەیش لە کاتی ھاتنی داعش تاوەکو ئێستا لەو شوێنە ھەر ھەیە و، چۆڵیشی ناکەن.
بڵند ئیبراھیم




