٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە 10 ناوچەی ئانكارا ئۆپەراسیۆنێكی گەورە ئەنجام درا

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆكی بزووتنەوەی خزمەت (فەتحوڵڵا گولەن).

ئانكارا-KDP.info- حكوومەتی توركیا لە 10 ناوچەی ئانكارا ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی بزووتنەوەی خزمەت دەست پێ كرد و، بە گوێرەی زانیارییەكانیش 65 كەسی لێ دەستگیر كردوون، كە لەناویاندا خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی زەمانیش هەیە.

پۆلیسی توركیا بە بڕیاری دادگەی جومهورییەتی ئانكارا، ئۆپەراسیۆنێكی بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی بزووتنەوەی خزمەت دەست پێ كرد و، بە گوێرەی بڕیارەكەیش ئەو كەسانە دەستیان هەبووە لەوەی ویستوویانە كودەتا بەسەر حكوومەتەوە بكەن.
حكوومەتی توركیا بە بڕیارێكی فەرمی كە واژۆی سەرۆككۆماری پێوەیە، بڕیاری دا كە دەبێت هەموو چالاكییەكانی بزووتنەوەی خزمەت رابگیرێن جگە لە مێدیاكانی، چونكە ئەو لە رێگەی ئەو سیخوڕانەی لە دامودەستگاكاندا هەیبووە، ویستوویەتی كودەتا بەسەر حكوومەتدا بكات. ئەو ئۆپەراسیۆنەیش هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە بووە كە لە لایەن حكوومەتەوە دەرچووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، توانراوە لە ئانكارا ئەو كەسە دەستگیر بكەن كە بەڕێوەبەری هەموو كارە داراییەكانی بزووتنەوەی خزمەت بووە لە ئانكارا. هەروەها خاوەنی ئیمتیازی پێشووی رۆژنامەی زەمانیشی تێدایە بە ناوی (ئیكرەم دومانلی).
جگە لەوەیش، حكوومەتی توركیا بە فەرمی داوای لە ئەمەریكا كردووە كە، سەرۆكی بزووتنەوەی خزمەت (فەتحوڵڵا گولەن)ـی رادەست بكاتەوە، چونكە ئەو لە ئەمەریكاوە پلانی بۆ تێكدانی ئارامیی توركیا داناوە و، دەبێت بدرێتە دادگە و سزای خۆی وەربگرێت، بەڵام ئەمەریكا بە گەرمی پێشوازی لەو داوایەی توركیا نەكردووە.
لە مانگی رابردوویشدا 2 كەناڵی سەر بە بزووتنەوەی خزمەت داخران، كە كەناڵەكانیش هەواڵی بوون (بوگون و سەمان)، بەڵام دوای چەند رۆژێك دووبارە دەستیان بە وەشان كردەوە.

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار