٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆك بارزانی و بەردەوامیی كاروانی سەربەخۆیی

سەرچاوە: KDP.info

ئەكرەم ساڵح

‌لەناو تەنگژە و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەو سەدساڵەی ڕێككەوتنی شوومی سایكس بیكۆ بۆ كورد، وا پێشبینی دەكرێ ناوچەكە ژانی گۆڕانكاریی نوێ بیگرێ و، جیهان بە تایبەتی زلهێزەكان پەلەیانە چۆن پێگەی خۆیان لەم ناوچەیەدا قایم بكەنەوە و جاریكی دیكە بەشدار بن لە هەر گۆڕانكاری و ئەگەرێك كە لە نەخشەی نوێی ناوچەكەدا ڕوو بدات، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن و پشكیان لە گۆڕانكارییەكاندا هەبێ.

جیاواز لە سەردەمی شەڕی یەكەم و دووەمی جیهان، لە ئێستادا كورد ئامادەیی هەیە و كاركتەری گرینگە لە هاوكێشەی ناوچەكەدا و جێگەی بایەخی نێودەوڵەتییە، بەتایبەت لە عێراق و سووریا كە لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك لە نەخشەی ناوچەكەدا، لەم دوو وڵاتەوە دەست پێ دەكات، چونكە لە ڕووی پڕاكتیكی و لەسەر زەویی عێراق و سووریا دابەش بووە، نەك تەنیا لەسەر بنەمای پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و تایفی، بەڵكە لە ڕووی ململانێی نیودەوڵەتییشەوە ناوچەی نفووزی ڕووسیا و ئێران و ئەمەریكا و هاوپەیمانانی دیارە، بەڵام كۆتایی كێشەكە پێویستی بە كاتی زیاترە و ململانێیەكە بەردەوام دەبێ و لێرە و لەوێ پێكدادانی بەرژەوەندیی ڕوو دەدات، بەڵام مەرج نییە شەڕی گەورەی جیهانیی لێ بكەوێتەوە. هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە ئەنجامی ئەم بارودۆخە چییە و چۆن دەبێ، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەستەمە جارێكی دیكە عێراق و سووریای یەكگرتوو و سەنتراڵ دروست ببنەوە..

بێگومان لە بارودۆخێكی ئاوادا عەقڵانییەتی سیاسەتی كوردی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا زۆر گرینگە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوكێشە و ململانێكاندا دەكرێت. بە بڕوای من لەم هەلومەرجە هەستیارەدا پێوستە كێشە ناوخۆیی و ململانێیە لاوەكییەكان بەلاوە بنرێن یان دوا بخرێن بۆ پاش هێوربوونەوەی ڕووداوەكان و یەكلابوونەوەی كێشەكانی عێراق و سووریا، چونكە كێشەی ئێمە ئێستا ئەوە نییە دیموكراسی لە كوردستان عەیار چەندە، بەڵكە دە بێ كێشەی ئێمە ئەوە بێ لە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە چیمان دەست دەكەوێ، دەوڵەتی سەربەخۆ یاخود یەكدیتۆمەتباركردن و هیچی تر.. بۆیە لە بارودۆخێكی لەم چەشنەدا پێویستە هەستی بەرپرسیارەتیی مێژوویی و نەتەوەیی لای هەموو لایەنەكان زاڵ بێ بەسەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و ململانێی هەرێمی، بۆ ئەمەیش گرینگە چاوێك بە مێژووی دوور و نزیكی خۆماندا بخشێنینەوە و لە دیدێكی كوردانەوە شرۆڤەی ڕووداوەكان بكەین.

لەم قۆناغەدا، پێگە و ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی، زۆر گرینگە، ئەمەیش هەموو دنیا هەستی پێ دەكات جگە لە هەندێ خەڵكی قینلەدڵ و كورتبینی سیاسی و لۆكاڵیی لای خۆمان نەبێ، هەر بۆیە پشتیوانی لە (سەرۆك بارزانی) بە جیاوازیی بیروڕای سیاسی، گرینگ و پێویستە وەك سەرۆكی كوردستان و سومبلێكی بەهێزی خواستەكانی كورد لە ڕابردوو و ئێستایشدا، چونكە وێڕای بەهێزیی كەسایەتی و پێگەی مێژوویی و نیودەوڵەتی و نەتەوەیی، سەرۆك لەم قۆناغەی ئێستادا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و دیپلوماسیی كوردستان و سەركردایەتیكردنی شەڕی تێكشكاندنی داعش و ئارامی و سەقامگیریی كوردستان، ئەمە سەرەڕای پەنادانی سەدان هەزار ئاوارە لە نەتەوە و ئایین و تایفە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان، بێگومان ئێستا لە ئاستی جیهاندا (بارزانی) واتە كوردستان. جا ئەگەر هەندێ كەس و لایەن بە هەر هۆكارێك بێ ئەمەیان پێ هەرس ناكرێ و پشتیوانی ناكەن، با لێگەڕێن كاروانەكە بگەیێنێت بە مەنزڵ، چونكە ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و سەربەخۆییش پرسێكی ستراتیژیی نیشتمانیی نەتەوەییە و تەنیا بۆ كەس و لایەنێك نییە، بۆیە ئەوانەی وا بیر دەكەنەوە، لەبری دروستكردنی كۆسپ و هەوڵی چەواشەكاری، باشتر وایە چاوەڕوان بن، یان لەگەڵ كاروانەكە هاوكار بن بۆ ئەوەی شانازیی هاوبەشییان بەر بكەوێت، ئەگەرنا كاروانی سەربەخۆیی (سەرۆك بارزانی) بەردەوام دەبێ و، ئەمڕۆ یا سبەی هەر دەگاتە جێ، جا ئەو كات لەبری ئەوەی بەشێك بن لە شانازی، دەبن بە بەشێك لە شەرمەزاری مێژوو.

هەواڵی پەیوەندیدار