٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمسیۆنی باڵا كێشەی بوودجەی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەكو كۆمسیۆن لەبارەی بوودجەی گشتیی 2016ـی عیراقی فیدڕاڵ لەسەر گشت بابەتەكان هەموو ساڵێك بە تایبەت بۆ ئەمساڵ، كێشەیەكی گەورەیان هەیە.

 (سەربەست مستەفا)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو كۆمسیۆن لەبارەی بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر گشت بابەتەكان هەموو سالێك بە تایبەت بۆ ئەمساڵ كێشەیەكی گەورەمان هەیە، چونكە پێش ماوەیەك كە بوودجە ئامادە كرا، لە كۆی گشتیی 203 ملیار دیناری بوودجەی تەشغیلی بۆ كۆمسیۆن بوو، بەڵام تەنیا 12 ملیاریان بۆمان تەرخان كردووە، بۆ مووچەیش ساڵانە دەكاتە 100 ملیار، بەڵام 2 ملیار و 500 ملیۆنیان دانابوو، دوای هەولێكی زۆرمان لەگەڵ لیژنەی دارایی و یاسایی و وەزارەتی دارایی و هەروەها ئاگاداری UNیشمان كردەوە تا كردیان بە 84 ملیار هەر چەندە هێشتا كەمە".

لەبارەی دامەزراندنیشەوە، (مستەفا) گوتی: "ئاگادار كراوینەتەوە كە بۆ ئەمساڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریان داوە لە بوودجەی 2016 دامەزراندن نەبێت تەنیا بەپێی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ هەیە، واتا ئێمە وەكو كۆمسیۆن داوای 1200 كەسمان كردبوو تەنیا بۆ بنكەكانی تۆماركردن كە ئەوانەی لە ساڵی 2010  چەند رۆژێك یان مانگێكیان مابوو ببێت بە ساڵێك تەواو بكەن و بەپێی یاسا، بەڵام دانەمەزراون و بەردەوامن لەگەڵمان، تا ئێستایش حكوومەت هیچ بڕیارێكی نەداوە و پێمان وایە بڕیارەكەشیان نەرێنی دەبێت، ئەمە هەرچەندە حكوومەت داوا دەكات فەرمانبەرمان لە وەزارەتی تر بۆ بگوازێتەوە، بەڵام كۆمسیۆن كارەكەی تایبەتە و زەحمەتە بتوانین سوود لە كەسانی تر ببینین تەنیا بەشێكی كەم نەبێت بە تایبەت ئەوانەی لە بنكەكانی تۆماركردن كاریان كردووە، كە هەموویان مافیان هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا بڕواناكەم كارەكە بە حەزی كۆمسیۆن بكرێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەیشی دا: "بۆ ئەمساڵیش دەبێت فەرمانگەیەكی نوێ دابمەزرێت‌ لە كۆمسیۆن بە ناوی فەرمانگەی حیزبە سیاسییەكان، بۆ ئەو فەرمانگەیەیش داوای 300 پلەی دامەزراندنمان كردووە كە بۆ خودی ئۆفیسی ناوەند و پارێزگاكانیشە و ئەمەیش پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار