توركیا هێزه‌كانی له سه‌ربازگه‌ى باشیك رێك ده‌خاته‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- نووسینگه‌ى (ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو) سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، توركیا له چوارچێوه‌ى ئه‌و وتووێژانه‌ى شاندێكی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقدا له به‌غدا سازیان داوه بڕیاری داوه هێزه‌كانی له سه‌ربازگه‌ى باشیك نزیك به‌شاری مووسڵ سه‌رله‌نوێ رێك بخاته‌وه.
نووسینگه‌ى (داوود ئۆغڵو) روونیشی كردووه‌ته‌وه كه له‌مه‌ڕ پرسه ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون میكانیزمی پته‌وتركردنی هاریكارى له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا دابڕێژن، به‌ڵام به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ى به‌وه نه‌كردووه كه ئه‌و رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی توركیا له‌و سه‌ربازگه‌یه چى ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدایه كه (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رۆژى هه‌ینى داواى له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى عێراق كرد، سكاڵایه‌كی فه‌رمی دژ به هاتنى هێزه‌كانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكى عێراق پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بكات پاش ئه‌وه‌ى هه‌ر پێنج ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش پشتیوانی خۆیان بۆ حكوومه‌تى عێراق دووپات كرده‌وه.




