گرێبەستەكانی كڕینی چەك لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا، گەندەڵییان تێدا كراوە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەڵێ، دەركەوتووە گرێبەستەكانی كڕینی چەك لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا، گەندەڵی گەورەییان تێدا كراوە، بۆیە بەشێكیان راگیراون و، هەندێكیشیان چوونەتە واری جێبەجێكردنەوە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بەدواداچوونمان، دەركەوت كەگرێبەستەكانی كڕینی چەك لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا، هەندێكیان گەندەڵیی گەورەیان تێدا كراوە، بۆیە بەشێكیان راگیران، هەندێكیشیان چوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، وەك گرێبەستی كڕینی چەند فڕۆكەیەكی (ME35)ـی ڕووسیای، بەڵام دوای سەردانمان بۆ مۆسكۆ، بەرپرسانی ڕووسیا پێیان راگەیاندین كە توركیا رێگریی كردووە لە گەییشتنی ئەم فڕۆكانە، دوای لێكۆڵینەوەش دەركەوت كە بەشی زۆری ئەم گرێبەستانەی كڕینی چەك، واژۆی (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقیان لەسەرە، توركیا و چەند وڵاتێكیش داوای ئەوە دەكەن (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق دەبێ دووبارە واژۆیان بكاتەوە".
(عەبدوڵا) گوتیشی: "بەشێكی زۆر لە چەكی كڕدراو بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی وڵاتی توركیا دەستیان بەسەردا گیراوە، چونكە لەسەریان نووسراوە كە بۆ حەشدی شەعبین، بەرپرسانی توركیایش رایان گەیاندووە كە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازیی فەرمی نییە و رێگە نادەن چەك بۆ گرووپی چەكداری بچێت".
بریاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێت: "سەرەڕای ئەم كێشانەی باسم كردن، چەندین كێشەی هونەرییش هەن لە گەییشتنی ئەم چەكانە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەشێك لە گرێبەستەكانیش بە هۆی نەبوونی پارەوە راگیراون كە عێراق نەیتوانیوە پارەكانیان بدات، بۆیە رەوانە نەكراون لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵام حكوومەتی عێراق داوای لە ڕووسیا كردووە پارەی گرێبەستی كڕینی چەكەكانی بۆ بكرێت بە چەند گوژمەیەك و بە چەند جارێك لە ماوەی داهاتوودا پارەكە بدات".
جەختیشی كردەوە: "سەرجەم ئەم چەكانەی كە عێراق بۆی هاتوون یان بە دەستی گەییشتوون، تا ئێستا بەشی هێزی پێشمەرگەی لێ نەداوە كە بە گوێرەی یاسا دەبوو بیدات".
لە بەهاری 2014ـدا بەغدا و مۆسكۆ گرێبەستێكیان ئیمزا كرد بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگیی جۆری سوخۆ و می 35 و سیستمی بەرگری و تەقەمەنیی تر بۆ پڕچەككردنی عیراق بە بەهای نزیكەی یەك ملیار دۆلار.
سەرباز واحید




