لە غیابی (گاندی)ـدا، عێراق (مالیکی)ـی دەست کەوت

ههولێر-KDP.info- فیلمێکی بەهێزی دۆکیومێنتاری (فرۆنتلاین)ـی کەناڵی (پیبیئێس)، کە لەسەر چۆنیەتی سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) دا ئامادەکراوە دوای ئەوەی ئەو ساڵیش پەخش کرایەوە چەند سەرنج و لێدوانێکی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە بەشێکی بەڵگەفیلمەکەدا هاتووە جێگای باوەڕپێکردن نییە کە ناوچەکانی مەڵبەندی میزۆپۆتامیا چۆن لە شارستانەت و، پێکەوەیی و برایەتی هۆز و ئایینەکانەوە گۆڕاوە بۆ ئەو پیسی و ناشیرینیەی کە پڕە لە ڕق و کینە و توندڕەوی.
بۆ وای لێ هات:
ڕاپۆرتێک لە (مینپۆست)ـی ئەمەریکادا بڵاوکراوەتەوە لەلایەن (ئێریک بلاک)ـەوە، زۆر بە وردی سەرنج و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعشی تێدا باس کردووە، ئەو کە ڕۆژی سێشەممە بەڵگەفیلمەکەی بینیوە دەڵێت، بە بڕوای من و زۆرینەی شارەزا و وردبینیانیش وایە، بەڵگەفیلمەکەشدا بە ڕوونی ئەوەی نیشان داوە کە گۆڕانی دۆخی ئێستای عێراق بەهۆی خراپیی سەرکردایەتیکردنی عێراق لەلایەن (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە دروست بووە، بە تایبەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.
ئەو بەهۆی خراپ مامەڵەکردن و بە سێکتەرکردنی ئەو وڵاتە، عێراقی بەرەو مەزهەبی بردوە، لەدوای (سەدام)ـەوە خراپترین نموونەی بەڕێوەبردنی عێراقی نیشان داوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە عەرەبە شیعەکانی عێراق زۆرینەی پێکهاتەی وڵاتەکە پێک دەهێنن و لە ئێستادا حوکمی عێراق دەکەن. (سەدام حسێن) بەپێی بنەماکانی حزبی بەعس وڵاتی بەڕێوە بردووە و تاڕادەییەک ڕژێمێکی عەلمانییش بووە، هەڵبەتە هەڵسوکەتی ئەو حکوومەتە لەگەڵ زۆربەی پێکهاتەکان و شیعەکانیش خراپ بووە و، بە خوێنڕێژی وەڵامی داونەوە کاتێک سکاڵایان هەبووە و، دژایەتییان کردووە. ئەوە لەوانەیە شتێکی ئاسایی بێت لە غیابی کەسایەتیی (گاندی)ـدا کاتێک شیعەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست (سوپاس بۆ داگیرکاری ئەمەریکا) بەهەمان شێوە هەڵسوکەتێکی نەشیاویان لەگەڵ زۆرینەی پێکهاتەکانی دیکە ئەنجام دا، کە نەدەبووایە وا بێت.
لەسەر هۆکاری پەیدابون و زۆربونی داعش کە لە بەڵگە فیلمەکەدا خراوەتەڕوو دەڵێت لە (غیابی کەسایەتی (گاندی)ـدا عێراق مالیکیی دەست کەوت.)
(مالیکی) هەرچی پێی کرا لە دژی دوو پێکهاتەکەی دیکەی عێراق کە کورد و سوننەن کردی و، جیاکاری ئەنجام دا و، دڵی ڕەنجاندن، بەتایبەتی سوننەکانی دەروبەری (ئەنبار) هەر بۆیەش بەبێ شەڕ ناوچەکانیان تەسلیمی داعش کرد.
شیاوی گوتنە، ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی لە ئیدارەی ئەوسای ئەمەریکا گرتووە کە هاوکار بوون لە دەستنیشانکردنی کەسێکی وەکو (مالیکی) بۆ ئیدارەدانی عێراق.
لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت نەخشەکێشانی ئەو وڵاتە لە بنەڕەتدا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە هەڵە بووە، کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم عێراقیان دروست کرد لە سێ پارێزگا (مەڵبەند)ـی عوسمانیەکان کە یەکێکیان هی کوردەکان و، یەکێکیان هی سوننەکان و ئەوی تریشیان هی شیعەکان بوو.
هەڵبەتە ئەو بەڵگەفیلمە لەسەر هۆکارەکانی چۆنیەتیی هاتنی داعش دەرهێنراوە و، باسی بەڕێوەبردنی خراپی عێراق دەکات لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە لە دوای ڕووخانی (سەدام)، بە یەکێک لە بەڵگەفیلمە بەهێزەکان دانراوە.
و/ خالید گەیلانی




