٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بزانه‌ داعش چه‌كی كامه‌ ده‌وڵه‌ت به‌كار ده‌هێنێ

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمەڵگەی جیهانییەکەی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، زۆرێک لەو چەکانەی داعش شەڕیان پێ دەکا، ئەو چەکانەن کە لە کاتی داگیرکردنی مووسڵدا دەستیان بەسەردا گرتووه‌.

کۆمەڵگەی مافی مرۆڤی جیهانی کاری لەسەر ڕاپۆرتێک کردووە، کە تایبەت بەوەی داعش چەکی کێ بەکار دەهێنێت و چۆن ئەو چەکانەی پێ دەگات. لەوێدا باس لە جۆری چەکەکان دەکات و دەڵێت ئەم بە دواداچوونەی ئێمە بە شێوەیەکی زۆر بێلایەنانە کراوە و، بە هیچ شێوەیەک لایەنگیری پێوە دیار نییە.

مانشێتی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەیە (سەرەکیترین چەکی داعش، ئەمەریکاکرد و چەکی بەجێماوی سوپای عێراق و سوڤیەتی جارانە). بەڵام ئەو چەکانەی کە زۆر سوودی بە داعش گەیاندووە و تاوەکو ئێستایش بەکاری دەهێنن، چەکی سوپای عێراقە، چونکە لە کاتی ڕاکردنی سوپای عێراق لە مووسڵ چەکێکی یەکجار زۆریان بەجێ هێشت، کە هەموو ئەو چەکانەیش پێشتر بە پارەیەکی زۆر لە ئەمەریکا کڕدرابوون.
هەروەها لەناو ئەو چەکانەدا چەکی ئەڵمانیاکرد و ئینگلیزکرد و چینکرد و فەرەنساکردیش هەیە، کە ئەمەیش لە بەدواداچوونێکی زۆر وردا ئاشکرا کراوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، بە گوێرەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بۆ کردوە، هەزاران ڤیدیۆ و، فۆتۆیان لە لایە کە ڕاستی قسەکانی ئەوان دەسەلمێنێت و، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. ئەوان زۆر تیشکیان خستووەتە سەر ئەو چەکانەی کە لە لایەن سوپای عێراقەوە لە مووسڵ و دەوروبەری بۆ داعش بەجێ ماون و دەڵێن ئەمە لە چاوەڕوانی کەسدا نەبووە، چونکە چەکەکان یەکجار زۆر بوونە، کە سەیارەی سەربازی و تانکیشی تێدا بوە، بە داخەوە ئێستا ئەو دژی خەڵکی عێراق بەکار دەهێنرێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە داعش چەکی 25 وڵاتی جیهانی بەکار دەهێنێت، بەڵام بەشێکی زۆر و گرنگی ئەو چەکانە دەکرێت بڵێین چەکی بەجێماوی سوپای عێراق بووە، ئەمەیش نەشاردراوەتەوە. هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەیش کە بەشێک لە چەکەکانی داعش ئەو چەکانەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە لایەن قاچاغچییەکانەوە بۆیان دابین دەکرێت، بەڵام لە بەرامبەردا پارە وەردەگرن.

نابێت ئەوەیش باس نەکرێت کە بەشێکی چەکەکانی داعش کۆنن لە سەردەمی ساڵانی خەفتا و نەوەتەکانەوە بەکارهێنراون و ئەوان ئێستا بەکاری دەهێنن وەکو دەمانچە و کلاشینکۆف. ئەو چەکانەیش دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق سەدام حوسێن ماونەتەوە و ئێستا کەوتووەتە دەستی داعش.
كاپشن (تیرۆریستێكی داعش.فۆتۆ: ئه‌رشیڤ.)
کارزان گلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار