٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوید بڕیاری دا پەنابەر وەرنەگرێت.. چوون بۆ ئەورووپا ئەستەم دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەر لە ئێستاوە وڵاتی سوید بڕیاری داوە ئیدی پەنابەر بە هیچ شێوەیەك وەرنەگرێت، وڵاتانی ئەورووپایش لە سەرەتای ساڵی نوێوە رێنمایی نوێ دەردەكەن، بۆیە چوونی خەڵك بۆ دەرەوە زۆر ئەستەم دەبێت.

(ئامانج عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وڵاتی سوید بڕیاری داوە كە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەك هیچ پەنابەرێك وەرناگرێت، تەنانەت ئەو پەنابەرانەی لەوێیشن رەنگە دیپۆرتیان بكاتەوە، جگە لەوەیش وڵاتانی ئەورووپا بڕیارە لە دوای كۆتاییهاتنی بۆنەی سەری ساڵ، رێنمایی نوێ لەبارەی وەرگرتنی پەنابەران دەربكەن، بۆیە لەمەودوا چوونی خەڵك بۆ دەرەوە زۆر ئەستەم دەبێت و وەكو پێشوو نابێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بكەن".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی، كۆچكردن لە هەرێمی كوردستانیش بۆ دەرەوە هەیە، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا هەرێمی كوردستان بە شوێنێكی ئارام وەسف دەكەن، بۆیە مافی پەنابەرێتییان پێ نادەن.

بەرپرسی نووسینگەی فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت، تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٢٨هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان كۆچی دەرەوەی وڵاتیان كردووە كە نزیكەی ١٤هەزاری خەڵكی سلێمانین و تاوەكو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ـیان بوونەتە قوربانی و تەرمی نزیكەی ٣٠قوربانییش گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەشێكیشی بێسەروشوێنن و بڕیارە لەماوەی داهاتوودا ژمارەیەك تەرمی دیكەیش كە پێویستیان بە هەندێك رێكاری ئیداری هەیە و ناسراونەتەوە، ئەوانیش بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار