سووریا.. هاوپهیمانان نۆ مووشهكیان لێ داوین

سووریا-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بیبیسی) حکوومەتی سووریا ڕایگەیاندووە سێ لە چەکدارەکانی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیەتی ئەمەریکاوە کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندوە مووشەکەکانی فڕۆکەکان کەمپێکی سوپایان لە پارێزگای (دێرزوور) کردووەتە ئامانج، ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆرینەی ئەو پارێزگایەش لەژێر کۆنترۆڵێ داعشدایە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە لێدوانەکەیدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردوە و، بە تاوانی ئاشکرای شەڕفرۆشی ناوبردوە، هەروەها گوتویەتی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە چوار فڕۆکەی هاوپەیمانان (نۆ) مووشەکیان گرتووەتە سوپای سووریا لە (دێرزور)، بەو هۆیەوە سێ سەربازیان کوژراوە و، (١٣)ـی دیکەیشیان بریندار بوون و، چەند ئۆتۆمبیلێکی سەربازی و چەکی قورسیشیان تێک شکاون، بەڵام شوێنی کەمپەکەیان بە دیاریکراوی باس نەکردوە.
هاوکات لە لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە کە داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێ بگرن لەو شەڕفرۆشییە و جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
بەڵام لەبەرانبەردا کۆڵۆنێڵ (ستیڤ وارێن) گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و گوتی ئێمە ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵناگرین.
بەپێی ئاژانسی (ئەسۆشێتدپرێس) (وارێن) گوتویەتی، ئەو راپۆرتانەی سووریامان لەو بارەیەوە بینیوە بەڵام ئێمە دوێنێ هیچ هێرشێکی ئاسمانیمان لەو بەشەی (دێرزوور) ئەنجام نەداوە، بۆیە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نابینین.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە تەنها هێرشیان لە (دێرزوور) بۆ سەر سەرچاوەیەکی نەوتەوە بوە کە لەژێر دەستی داعشدایە و نزیکە (٥٥ کیلۆمەتر) لەو شوێنەوە دوورە کە دەگوترێت سەربازەکانی لێ کوژراون. لەو شوێنەی دوێنێ هێرشە ئاسمانیەکانی لێ ئەنجام دراوە هیچ خەڵکێکی لێ ناژیت.
شیاوی گوتنە، ئەگەر ئەوە ڕاستبێت و، هێرشەکان سوپای سووریایان کردبێتە ئامانج ئەوە دەبێتە یەکەم لێدانی سەربازی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سوپای ئەسەد.
پارێزگای (دێرزوور) کە زۆرینەی ناوچەکانی لەژێر دەستی داعشدایە بە سەرچاوەکانی نەوت دەڵەمەندە و، دوای ڕەقە دووەم شوێنی ستراتیژیکی داعشە.
و/ خالید گەیلانی




