22%ـی بوودجە بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ تەرخان كراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ماوەی چەندین ساڵە زۆرترین بوودجەی عێراق بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری تەرخان دەكرێت، كەچی هەمیشە لە پاشەكشەدان و، لە بوودجەی 2016ـیشدا زیاتر لە 22% بۆ ئەو دوو وەزارەتە دانراوە.
(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "لە بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراقدا، وەكو ساڵانی پێشوو زۆرترین رێژە بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دیاری كراوە كە لە پلەی یەكەم دێن و زیاتر لە 22 ترلیۆن دیناریان بۆ تەرخان كراوە، واتا بە رێژەی (22.8%) و، لە پلەی دووەمیشدا وەزارەتی نەوت (كەرتی وزە) دێت كە 22 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە كە دەكاتە 22.3 لە سەد، دواتریش وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و ژینگە و كشتوكاڵ و ئینجا وەزارەتەكانی دیكە دێن كە هەر یەكە و رێژەیەكیان بەر كەوتووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهشڵێت، لە دوای رووخانی رژێمی بەعسی رووخاو، ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر لە بوودجەی گشتیی عێراق بۆ كەرتی بەرگری و ناوخۆ تەرخان دەكرێت، بەڵام لە رووی واقیعەوە رۆژ دوای رۆژ ئەو كەرتە خراپترە".
بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراقی فیدڕاڵ، بەپێی دوایین گۆڕانكاری ١٠٥ ترلیۆن خەرجییە و، داهاتیش ٨٠ ترلیۆن دینارە، كە ٦٩ ترلیۆن داهاتی نەوت و، ١١ترلیۆنیش داهاتی ناوخۆیە، هەروەها رێژەی كورتهێنانیش ٢٤ ترلیۆن دینار دەبێت.
نەشوان بەرزنجی




