نامەی داعش بۆ بەغدایی: هێرشكردنەسەر هەرێم هەڵە بوو

مووسڵ-KDP.info- دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە هەموو میحوەرەكان لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە شكستیان برد، ویلایەتی مووسڵ نامەیەكی بۆ ئەمیری داعش (ئەبوبەكر بەغدایی) ناردووە كە تێیدا ددانی بەو شكستەدا ناوە و، هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستانیشی بە هەڵە زانیوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە مووسڵ داعش بانگی هەموو سواڵكەرەكانی كردووە كە ژمارەیان زۆرە و، داوای لێ كردوون كە ئەو پارەیەی كۆی دەكەنەوە، نیوەی بدەن بە تیرۆریستان، بەڵام ١١ لەوانە رەتیان كردووەتەوە، بۆیە گولـلەبارانیان كردوون.
(مەموزینی) گوتیشی، لە ناوچەی سیناعەی مووسڵ ئۆتۆمبێلێكی جۆری بابەهان تەقییەوە و، بەو هۆیەوە سێ تیرۆریستی داعش كوژران كە بە رەگەز ئەفغانین.
دەشڵێت، ئەنجوومەنی ویلایەتی مووسڵ نامەیەكی بۆ ئەمیری داعش نووسیوە و، تێدا ددانی بەوەدا ناوە كە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە شكستیان بردووە، بۆیە هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستانیان پێ هەڵە بووە.
بڵند ئیبراهیم




