توركیا و ڕووسیا، یەکدی تۆمەتبار دەكەن

توركیا -KDP.info- ڕووسیا و توركیا، جگە لەوەی شەڕە ئابووری لەگەڵ یەكتردا دەكەن، یەكتریش تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە گرووپە تیرۆریستییەکەی داعش، نەوت دەكڕن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا (ئیگۆر كۆناشەنكۆف)، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كە، ئەوان سەلماندوویانە توركیا نەوتی داعش دەكڕێت و، هەروەها چاوی دەپۆشێت لەوەی تانكەرەكانی داعش بچنە ناو خاكی توركیاوە. ئەو ڕووی قسەی لە كاربەدەستانی ئەمەریكا كرد و، گوتی: "ئێمە ئەو بەڵگانەمان داوەتە ئەمەریكا بە فۆتۆ و ڤیدیۆ و ئەوان ناڵێن وێنەكان ڕاست نین، بەڵام دەڵێن نەمانبینیوە."
ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئەمەریكا پێی وایە بەڵگەكانی ئێمە جێی بڕوا نییە و، بوختان بۆ توركیا دەكەین، پێیان دەڵێین بڕۆن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان خۆتان چاودێریی ئەو شوێنانە بكەن كە لە ژێر دەستی داعشدان و، ببینن كە چۆن نەوتەكەیان دەفرۆشن و كێ لێیان دەكڕێت و تانكەرەكان بۆ كوێ دەڕۆن."
ئەو درێژە بە قسەكانی دەدات و ڕوونی دەكاتەوە كە، حكوومەتی ئەمەریكا بەردەوام لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێن ئێمە توانیومانە لە تانكەرە نەوتەكانی داعش بدەین و نەهێڵین سوود لە نەوتی ژێر دەسەڵاتیان وەربگرن، كە ماوەی 2 ساڵ دەبێت ئەمەریكا بەردەوام ئەو لێدوانانە دەدات.
دەیشڵێت: "لە ئێوە دەپرسم، باشە ئەگەر ماوەی 2 ساڵ بێت ئەمەریكا لە داهاتی داعشی دابێت و نەیهێشتبێت نەوت بفرۆشن، یاخود تانكەرە نەوتکێشەكانی داعشی بۆردومان كردبێت، پێم بڵێم داعش لە كوێ پارە دێنێت بۆ كڕینی چەك و، هەروەها مووچەی چەكدارەكانی خۆی چۆن دەدات و چۆن ئیدارەی ئەو خەڵكە دەكات كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودان."
سەركۆماری توركیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) لە گوتەیەكیدا كە لە قەیسەری پێشكەشی كرد، گوتی: "زۆر بە داخەوە بۆ ڕووسیا كە تۆمەتی لەو شێوەیە دەدەنە پاڵ ئێمە و بوختانمان پێ دەكەن، هیچ ئەوەم لە (پوتین) چاوەڕێ نەدەكرد. ئێمە چۆن دەست لەناو دەستی تیرۆر دەكەین و بازرگانییان لەگەڵدا دەكەین. ئەگەر ئەوان بە بەڵگە سەلماندیان كە ئێمە نەوتی داعشمان كڕیوە، دڵنیا بن دەست لە كار دەكێشمەوە."
حكوومەتی ئەمەریكایش ئەو دەنگۆیانەی ڕووسیای بە هەند وەرنەگرت و ڕایگەیاند: "بەڵگەكان وەكو پێویست نین و بایی ئەوە نین كە ئێمە توركیا تۆمەتبار بكەین."
ئەگەرچی توركیا ئەوەی نەشاردووەتەوە كە نەوتی داعش لە ڕێگەی قاچاغچییەكانەوە دەفرۆشرێت و كە ڕێژەیەكی ئەو نەوتەیش دێتە ناو خاكی توركیاوە، بەڵام وەنەبێ توركیا نەوتی داعش بكڕێت، چونكە ئەوان لە ڕێگەی قاچاخچییەوە ئەو كارە دەكەن، كە لە عێراق و سووریایش بە هەمان شێوە داعش بە ڕێگەی قاچاخ نەوتی خۆی دەفرۆشێت.
دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشەكانی خۆی چڕ كردەوە بۆ سەر توركیا بەوەی نەوتی داعش دەكڕێت و چەكی بۆ دەنێرێت، ئەمجارەیان توركیایش هێرشی پێچەوانەی دەست پێ كردەوە و دەڵێن نەوتەكەی داعش ڕووسیا و ئەسەد دەیكڕن.
(ئەردۆغان) دەڵێت كە، لەوەتەی ڕووسیا هاتووەتە ناو سووریا و دەڵێت شەڕی داعش دەكەم، بە هیچ شێوەیەك هێرشەكانی بۆ سەر بنكەكانی داعش نەبووە، بەڵكە بۆ سەر ئەو هێزانەیە كە ڕووبەڕووی (ئەسەد) بوونەتەوە، ئەمەیش دیارە ئەوان كاری ژێربەژێر لەگەڵ داعشدا دەكەن و سوود لە نەوتی ژێر دەستی ئەوان وەردەگرن.
ئەگەرچی هەموو لایەك یەكتری تۆمەتبار دەكەن بەوەی كڕیاری نەوتی داعشن، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ لایەكیان نەبوونەتە لەنگەر لە بەردەم داعش بۆ ئەوەی نەتوانێت نەوتەكەی بفرۆشێت، بەڵكە بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت. لەم لاوە بە دەیان وڵات داعش بۆردومان دەكەن و بە تیرۆریستی ناو دەبەن، لەو لایشەوە بازرگانیی لەگەڵدا دەكەن و بە نرخێکی زۆر كەمتر لە بازاڕ نەوتی لێ دەکڕنەوە؛ بە گوێرەی زانیارییەكان بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی 15 تا 20 دۆلار دەدەنە داعش.
كارزان گلی




