داعش پزیشكە خانەنشینكراوەكان دەگەڕێنێتەوە سەر كار.. بە هۆی زۆریی بریندارەكانیانەوەیە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، تیرۆریستانی داعش ژمارەی بریندارەكانیان لە نەخۆشخانەكانی مووسڵ گەلێك زۆرە، بۆیە پزیشكە خانەنشینكراوەكان ناچار دەكەن كە بگەڕێنەوە سەر كار، ئەگەرنا دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵیاندا دەگرن.
(عیسمەت رەجەب)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مووسڵ داوایان لە هەموو پزیشكە خانەنشینكراوەكان و ئەوانەی لەماڵەوەن كردووە بگەڕێنەوە بۆ سەر كار، لەبەر ئەوەی بۆشاییەكی زۆریان هەیە لە نەبوونی پزیشك، بۆ ئەوەی بریندارەكانیان چارەسەر بكات، چونكە ژمارەی بریندارەكانیان گەلێك زۆرە".
(رەجەب) گوتیشی، بەپێی فەرمانەكە، هەر پزیشكێك ئامادەی گەڕانەوە نەبێت، دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا دەگیرێت.
بەرپرسی لقی چواردە دەشڵێت، شەوی رابردوو چوار چەكداری نەناسراو بە چەكی بێدەنگ لە ناوچەی فڕۆكەوانی لەلای راستی مووسڵ چوونەتە سەر سەر ماڵی سەركردەیەكی داعش بە ناوی (ئەحمەد شامی) ناسراو بە (ئەبوحارس) كە ناسنامەی سووریاییە لەگەڵ دوو لە پاسەوانەكانی لەماڵەوە بوونە و كوشتوویانن، بۆیە دواتر تیرۆریستان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەكە و دەستیان بە گەڕان كردووە بە دوای چەكدارەكاندا، بەڵام نەیانتوانیوە دەستگیریان بكەن.
ئاماژەیشی دا كە، تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ نەخۆشخانەی گشتییان لە ناوچەی وادی حەجەر گەمارۆ داوە، لەبەر ئەوەی سەركردە باڵاكانی داعش كە بریندارن، لەو نەخۆشخانەیە چارەسەریان دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




