٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی دارایی راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەوە ئاماده‌ دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ لیژنەكەیان كۆ دەبێتەوە و تێیدا دەست بە ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی نوێ دەكەن.

(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەیەك لە پشوودا بوو، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٦، چونكە پێویستە تاوەكو كۆتایی هەفتەی دابێ راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن".

(سلێڤانەیی) گوتیشی: "جگە لە راپۆرتەكە، تێبینیی پەرلەمانتاران كە لە كۆبوونەوەكانی رابردوو لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق خستوویاننە ڕوو، لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورتهێنان، گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین و ئەو تبێنیانەی دەگونجێن، دەیانخەینە ناو راپۆرتەكەوە و ئەوانەی دیكەیش رەت دەكەینەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، تاوەكو ١٤ـی ئەم مانگە راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و رۆژی ١٥ـی مانگیش ئەنجوومەنی نوێنەران كۆ دەبێتەوە و پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو دەخاتە دەنگدانەوە.

پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، بڕەكەی ١٠٦ ترلیۆن دینار بوو، بەڵام كەم كراوەتەوە بۆ ١٠١ ترلیۆن دینار و پشكی هەرێمی كوردستانیش ١٧%ـە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار