٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عێراق له‌ توركیا نیگه‌رانه‌

سەرچاوە: KDP.info

به‌ریتانیا-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە تورکیا کردووە لەوە زیاتر سەروەریی عێراق نەشکێنێت و، گورجێ هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

لە بەیاننامەکەی حکوومەتی عێراقدا هاتووە کە ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە هێزێکی تورکیا نزیکەی (بەتالیۆنێک) دەبن هاتوونەتە خاکی عێراقەوە گوایە ڕاهێنان بە گروپە عێراقییەکان دەکەن، ئەوان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و ڕێگاپیدان لە حکوومەتی فیدراڵ هاتوون، بۆیە عێراق داوا لە تورکیا دەکات هێزەکە و تانکەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز)یشدا هاتوە، (فوئاد مەعسووم) سەرکۆماری عێراق لەبارەی هاتنی تورکیاوە گوتوویەتی ئەوە بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییە باوەکانە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) بڵاوکراوەکەی سەرکۆمار لەڕێگەی (ئۆنلاین)ـەوە بووە و داوای لە تورکیا کردوە کە هێزەکانی بکشێنێتەوە و، هەروەها داوای لە وەزیری دەرەوەی عێراقیش کردووە کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق.
شیاوی گوتنە، بە گوتەی ڕاپۆرتەکە سەرچاوە سەربازییەکانی تورکیا دوێنێ هەینی ڕایانگەیاندوە کە هێزێکی تورکیایان ناردووە بۆ نزیک مووسڵ تاوەکو ڕاهێنان بە سەربازە عێراقییەکان بکەن.
میدیاییەکانی تورکیاش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە هێزەکەی تورکیا بەتالیۆنێک دەبن کە نزیکەی (١٥٠) سەربازی تورکیا و بە پشتیوانی بیست بیستوپێنج تانکێک چوونەتە نزیک مووسڵ.
و/ خالید گەیلانی

هەواڵی پەیوەندیدار