ئۆرهان پاموك: كوشتنی تاهیر ئێلچی، سەردەمی نەوەتەكانی بیر هێنامەوە

هەولێر-KDP.info- (ئۆرهان پاموك) خاوەن خەڵاتی نۆبڵ و خوێنەرێكی زۆر لە ئەورووپا و توركیا، ڕەخنە لە بارودۆخی ئێستای توركیا دەگرێت و پێی وایە، ئەگەر توركیا لەم هەڵوێستانەی بەردەوام بێت بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان و كەسانی ئازادیخواز، لەبری ئەوەی بەرەو ئەورووپا بڕوات، ئیدی دەبێت بەرەو رۆژهەڵات پاڵی پێوە بنرێت. ئەو، بۆ ناساندنی كتێبە تازەكەی بە خوێنەرانی لە ئیتاڵیا، كە تازەترین كتێبی رۆمانێك بوو بە ناوی (سەمەرەیەك لە سەرمدا) و ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتاڵی، لەوێوە هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی ئێستای توركیا كرد.
(پاموك) لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی "ئیل ماتینۆ" بەم جۆرە باس لە سیاسەتی ئێستای توركیا دەكات: "سیاسەتی توركیا زۆر ترسناكە، بە تایبەتی بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان. رۆژنامەنووس لێی دەدرێت و دەخرێتە زیندانەوە و هەروەها دەیشكوژرێت، بۆ نموونە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا هەردوو رۆژنامەنووسی هاوڕێم (جان دوندار و ئەردەم گول) خرانە زیندانەوە، ئیتر چی بڵێم. من زۆر تووڕە و بێزارم لە سیاسەتی ئێستای توركیا".
ئەو دوو رۆژنامەنووسەی (پاموك) باسیان دەكات، لە هەفتەی رابردوودا لەسەر داوای سەرۆككۆماری توركیا و تۆماركردنی داوای یاسایی لەسەریان خراونەتە زیندانەوە، چونكە پێشتر لە راپۆرتێكدا توركیایان تۆمەتبار كردبوو بەوەی چەكیان بۆ داعش ناردووە.
كوشتنی تاهیر ئێلچی بۆ توركیا زۆر ترسناك بوو
(پاموك) لەو دیمانەیەدا باس لە كوشتنی پارێزەر (تاهیر ئێلچی) دەكات، ئەو پێی وایە كە، (تاهیر) كەسێكی ئاشتیخواز بوو و هەموو هەوڵێكی دەدا بۆ ئەوەی كێشەی كورد بە ئاشتیانە چارە بكرێت، بەڵام بەداخەوە پەلاماریان دا.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر سەیرێكی رابردووی توركیا بكەین، كوشتنی لەو جۆرەمان دێتەوە یاد و ئەو كەسانەشی تاوانەكە دەكەن نادۆزرێنەوە. لە نەوەدەكانیشدا چەندین كەس بە نهێنی كوژران و تاوەكو ئێستایش تاوانبارەكان نەدۆزراونەتەوە. كوشتنی (تاهیر)ـیش پارچەیەكە لە ستراتیژییەتی سیاسی لە توركیا كە بەداخەوە گەڕاوینەتەوە ئەو سەردەمەی كە بە نهێنی مرۆڤیان دەكوشت. دەتوانم بڵێم گەڕاوینەتەوە ئەو سەردەمەی كە هەر كوردێك هەوڵی بۆ ئاشتی بدابووایە، دەكوژرا ".
دەبێ توركیا ئازادی و دیموكراتییەتی ئەورووپا لە یاد نەكات
(پاموك) خۆشحاڵە بەوەی ئەورووپا دووبارە كۆبوونەوە دەكات بۆ ئەوەی كەیسی توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا گیانی بەبەردا بێتەوە، بەڵام دەڵێ، نابێت ئازادی و دیموكراتییەتی ئەورووپا لە یاد بكرێت.
لە هەفتەی رابردوودا لە بڕۆكسل، كۆبوونەوەی ئەندامانی یەكێتیی ئەورووپا بوو و لەوێدا بڕیار درا كە بۆ ساڵی 2016 هاووڵاتیانی توركیا بە ڤیزا بتوانن بچنە ئەورووپا، لە بەرانبەریشدا توركیا رێگە نەدات ئاوارەكان بە خاكی ئەودا دزە بكەنە ناو ئەورووپا و هەروەها بڕی 3 ملیار یۆرۆیش بە توركیا دەدرێت لە بەرانبەر ئەوەی ئاوارەیەكی زۆر لە توركیا گیرساونەتەوە.
(پاموك) دەڵێت: "لە ساڵانی رابردوودا ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو یەكێتیی ئەورووپاوە و هەروەها شەڕی زۆرمان كرد، بۆیە ئەو رێككەوتنەی توركیا و ئەورووپا هەنگاوێكی باشە و بە گرینگ وەسفی دەكەم. ئەگەر ئەم رێككەوتنەی بڕۆكسل بە ئەرێنی هەنگاوی بۆ نرا، ئیدی دەرگا دەكرێتەوە بۆ ئەوەی نێوانی توركیا و ئەورووپا هەنگاوێك بچێتە پێشەوە و ئیدی باس لە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتیی ئەورووپا بكرێت، بۆیە گرینگە توركیا دیموكراتی و ئازادی و رادەڕبڕینی ئەورووپا لە یاد نەكات".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باس لەوەیش دەكات كە، ترسی ئەو تەنیا لە سەرۆككۆماری توركیا (ئەردۆغان) نییە بەوەی دەیەوێت ببێت بە پیاوی یەكەمی توركیا، بەڵكە ترسی لە سەركردەكانی دەوروبەری ئەوە، كە دەیانەوێت ئاكپارتی كۆنتڕۆڵی هەموو توركیا بكات.
كارزان گلی




