٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"شیعەكان دەیانەوێت عەبادی بە هێنانی هێزی ئەمەریكا بۆ عێراق، تۆمەتبار بكەن"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، شیعەكان دەیانەوێت سەرۆكوەزیرانی عێراق بەوە تۆمەتبار بكەن كە هێزی ئەمەریكا دەهێنێت بۆ عێراق، لە كاتێكدا ئەمەریكا هێز رەوانە ناكات، بەڵكە بەنیازە هێزێك تەنیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە هەندێك ناوچەی ژێردەستی داعش رەوانە بكات.

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرسی رەوانەكردنی هێزی ئەمەریكا بۆ عێراق، پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمان هەیە، بەڵام ئەمەریكا بۆ ئەوەی لەمە دەربازی بێت، سوود لەو بڕگەیە وەردەگرێت كە لە رێككەوتنی ستراتیژیدا هاتووە، پێویستە ئەمەریكا مەشق و راهێنان بە هێزی عێراق بكات، بۆیە تاوەكو ئێستا نزیكەی سێ هەزار كەسی لە ژێر ئەو ناوانە ناردووە و لە ئێستادا دەیەوێت بە هەمان رێگا و بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، هێزێكی دیكەی بچووك كە ١٠٠ كەسێك دەبن، رەوانەی عێراق بكات كە هێزێكی تایبەتن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە هەندێك ناوچەی ژێر دەستی داعش، نەك رەوانەكردنی هێزێكی گەورە".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "شیعەكان دەیانەوێت ئەو پرسە گەورە بكەن و دژی سەرۆكوەزیران بەكاری بهێنن و تۆمەت دروست بكەن كە هێزی ئەمەریكا دەهێنێت بۆ عێراق، چونكە زۆر لە شیعەكان دژی هاتنی ئەمەریكان، بە تایبەت رەوتی سەدر".

بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێت، ئەمەریكا دەتوانێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتدا ئەو هێزە رەوانەی عێراق بكات، بەپێی ئەو بڕگەیەی لە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكادا هەیە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار