نوێترین زانیاری لەبارەی دامەزراندنەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەپڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی داهاتوو، دامەزراندنی گشتی نییە و تەنیا ٣٢ هەزار پلەی دامەزراندن بۆ سێ وەزارەت دانراون، كە لەوەیشدا پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠١٦ دامەزراندنی گشتی بۆ هەموو عێراق نییە، تەنیا ٣٢ هەزار پلە بۆ سێ وەزارەت دانراون، ئەوانەیش ٢٠ هەزار بۆ وەزارەتی بەرگری، ١٢هەزاریش بۆ وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیە، چونكە ئەمانە زۆر پێویستییان پێی هەیە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی، لەو رێژەیە پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی دامەزراندنی گشتی نییە، چونكە ئەگەر دامەزراندنی گشتی بێت، پێویستە لەو رێژەیە پشكی هەرێمی كوردستان ١٧% بێت.
ڕوونیشی كردەوە كە، هەوڵ دەدەن هاوشێوەی ئەو سێ پارێزگایە، پشكێكیش بۆ هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




