پەرلەمانی بەریتانیا هێرشە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی بۆ سووریا پەسند كرد

لەندەن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بیبیسی)، دوای دیبەتێكی گەورە و تاوتووكردنێكی (١٠) سەعاتی، پەرلەمانی بەریتانیا بەشداریكردنی سەربازی بۆ لێدانی داعش لە سووریا پەسند كرد.
سەرەڕای بیروڕای جیاوازی پەرلەمانتاران لەسەر بەشداریكردنی وڵاتەكەیان لە هەڵمەتە سەربازییەكانیان لە سووریا، بەڵام بە (٣٩٧) دەنگی بەڵێ و، (٢٢٣) دەنگی نەخێر پڕۆژەكە لەلایەن پەرلەمانەوە قبووڵ كرا.
دوای پەسندكردنی پڕۆژەكە، (دەیڤد كامیڕۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "پەرلەمانتاران بڕیارێكی ڕاستیان دا بۆ هێشتنەوەی وڵاتەكەمان بە سەلامەتی".
(باراك ئۆباما)ـی سەرۆكی ئەمەریكایش پێشوازیی لەو بڕیارە كرد و، بە هەنگاوێكی گەورەی دانا بۆ چڕتركردنەوەی لێدانەكانی سەر داعش، هەروەها فەڕەنسا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی بۆ شەڕی داعش، ئەو هەنگاوەی بەریتانیایان پەسەند كرد.
پەسندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە چی دەگەیەنێ؟
ئەو پڕۆژەیاسایە ڕێگا بە حكوومەتی بەریتانیا دەدات هەڵمەتە سەربازییەكانی لە سووریایش بە هەمان شێوەی عێراق درێژە پێ بدات.
لە كارنامەی ئەو پڕۆژەیاسایەدا كە بۆ سووریا تەرخان كراوە، نزیكەی شەش فڕۆكەی جۆری تایفۆن و دوو تۆرنادۆ بەشداری دەكەن و، هەروەها پڕۆژەكە بڵاوەپێكردنی چەند دیبۆماتێكی سەربازی و ناردنی چەك و تەقەمەنی و هاوكاریی مرۆییش لە خۆ دەگرێت.
فڕۆكەكان لەوانەیە لە چەند سەعاتێك یاخود چەند ڕۆژێكی دادێت، یانیش لە زووترین كاتدا لە بنكەی سەربازیی بەریتانیا لە قوبرسەوە یەكەم گورز بوەشێنن.
شیاوی گوتنە، بەشداریكردنی بەریتانیا لە هێرشە ئاسمانییەكانی سەر سووریا، گوڕێكی دیكەیە بۆ سەر داعش و، گوشارێكی دیكەی نێودەوڵەتییە بۆ كۆتاپێهێنانیان.
(كامیڕۆن) ئاماژەی بە توانای بەریتانیا كرد لە جۆر و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووی فڕۆكەكان و، پڕۆفیشناڵی و توانای فڕۆكەوانەكانی بەریتانیا كە دەتوانن ووردترین ئامانج بپێكن و، یارمەتیدەر بن بۆ كەمكردنەوەی قوربانییە مەدەنییەكان.
هەروەها گوتیشی، لە سووریا نزیكەی (٧٠ هەزار) چەكداری سووریایی میانڕەو هەن و، دەكرێت یارمەتیدەر بن بۆ پشڕەویی زەمینی و پاڵپشتیی هێرشە ئاسمانییەكانیان.
هەڵبەتە لە سەردەمی حوكمی (دەیڤد كامیڕۆن)ـدا لەو چەند ساڵەی ڕابردوو ئەوە سێیەمین جارە لە پەرلەمانەوە دەسەڵاتی بەكارهێنانی دەستێوەردانی سەربازی بۆ سەر وڵاتانی دەرەكی وەردەگرێت، سەرەتا بۆ لیبیا، دواتر بۆ عێراق و ئێستایش بۆ سووریا.
جگە لە پەرلەمانتارەكانی پارتیی فەرمانڕەوا كە (پارێزگاران)ـن، نزیكەی (٦٧) پەرلەمانتاری پارتیی ئۆپۆزسیۆن (كار) پاڵپشتیی پرۆژەكەیان كرد و دەنگیان بە بەڵێ پێ دا.
و/ خالید گەیلانی




