ئۆباما داوای له ڕووسیا و توركیایه گفتوگۆ بكهن

ئهمهریكا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەسۆشێتدپرێس) لە میانەی کۆبونەوەکانی پاریس (باراک ئۆباما) داوای له ڕووسیا و توركیا كرد گرژییهكان نههێڵن و گفتوگۆ بكهن.
لە کۆبونەوەییەکی تایبەتدا لەمیانەی کۆنفرانسی کەشوهەوا لە پاریس، ئەمڕۆ (باراک ئۆباما) و (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) پێکەوە کۆ دەبنەوە، ئەمەریکا لەسەر ئاستی باڵا هەوڵ دەدات گرژییەکانی ڕووسیا و تورکیا کەم بکاتەوە.
ئۆباما ئەوەیشی گوتووە کە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دوژمنێکی هاوبەشە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەمەریکا بەڕاستەخۆ بهێنێت بەڵام باسی هەوڵەکانی ئەمەریکای کردوە بۆ ڕازیکردنی ڕووسیا لەسەر تیژکردنەوەی هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ داعش.
هەر لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە پاریس ئەمڕۆ (ئۆباما) باسی قەیرانی ئاوارە سووریاییەکان دەکات و، سەرچاوەکان دەڵێن باسی گەورەیی و دڵفراوانی تورکیایش دەکات لەبەرانبەر وەرگرتنی ئاوارە سووریاییەکان.
گرژییەکانی ڕووسیا و تورکیا:
لە (٢٤ی نۆڤەمبر) فڕۆکەییەکی ڕووسیایی لەسەر سنوری سووریا لەلایەن تورکیاوە بەردرایەوە، تورکیا دەڵێت هاتۆتە ئاسمانی تورکیاوە و، ڕووسیایش دەڵێت بەسەر ئاسمانی سووریادا فڕیوە، دوای ڕووداوەکەیش (ئۆباما) گوتی تورکیا هاوپەیمانی ناتۆیە و، مافی خۆیشیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
چاوەڕێ دەکرا لە میانەی کۆنفرانسی کەشوهەوا لە پاریس (پۆتین) و (ئەردۆغان) پێکەوە دابنیشن و دۆخەکە هێور بکەنەوە بەڵام هەر زوو ڕووسیا ئەوەی ڕەت کردەوە و، کاردانەوەی زیاتریشی بە دوای خۆیدا هێنا لەوانە دوێنێ لە کۆنگرەییەکی ڕۆژنامەوانیدا (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیا گوتی، تورکیا بۆیە فڕۆکەکەی ئێمەی بەرداوەتەوە، چونکە ویستویەتی پارێزگاری لەو ڕێگا نەوتیانەی داعش بکات کە بۆ ناوچەکانی تورکیا دەچن.
لێدوانەکانی (ڤلادیمێر پۆتین) کاردانەوەی تورکیایان بەدوای خۆیدا هێنا و (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ـیش وەڵامی دایەوە و، گوتی، پێویستە (پۆتین) بەڵگەکان بخاتە ڕوو، ئەگەر بەڵگەی هەن دەبا بیانبینین، ئەگەر شتێک بڵێی پێویستە بیشیسەلمێنیت. هەروەها گوتیشی، ئێمە بە ژیرانە و تەحەمولەوە کاردانەوە دەکەین، هیچ باش نییە بۆ دوو وڵات کە لە ئاستێکی باڵادا هاوبەشی ستراتیژییان پێکەوە هەیە، لێداوانی عاتیفیانە بدەن.
دوای بەردانەوەی فڕۆکەکەیان ڕووسیا سورە لەسەر ئەوەی کە فڕۆکەکەیان نەچووەتە ئاسمانی تورکیاوە، بەڵام تورکیا دەڵێت ئاسمانی وڵاتەکەمانی بەزاندووە و چەند جارێکیش ئاگادارمان کردووەتەوە.
هەروەها ئەمەریکایش پشتیوانی لە تورکیا دەکات، لەو بارەیەوە (ئێلیزابێت تروداو) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی بەڵگەکانی تورکیا و، هەروەها سەرچاوەکانی خۆشمان ئەوە نیشان دەدەن کە فڕۆکەکەی ڕووسیا ئاسمانەسنووری تورکیای بەزاندووە.
بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ڕووسیا سزای ئابووری خستووەتە سەر تورکیا، هێنانی خواردنی لە تورکیاوە ڕاگرتووە و، هەروەها کۆتاییشی بە هاتوچۆی ئازاد و بەبێ (ڤیزا) لەنێوان ڕووسیا و تورکیا هێنا.
ڕووسیا و تورکیا هێڵێکی بازرگانی و ئابووریی گرنگیان پێکەوە هەیە، ڕووسیا بۆ تورکیا دووەم هاوبەشی بازرگانییە و، تەنها لە ساڵی (پار) دا زیاتر لە (٣ملیۆن) گەشتیاری ڕووس چوونەتە تورکیا.
و/ خالید گەیلانی




