پهرلهمانی بهریتانیا بۆ لێدانی داعش كۆ دهبێتهوه

بهریتانیا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بیبیسی) ڕۆژی چوارشەممە لە مشتومڕێکی گەرمدا پەرلەمانی بەریتانیا درێژکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بۆ سووریا تاوتوێی دهكات.
(دەیڤید کامیرۆن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەو بارەیەوە گوتی، لەنێو پەرلەمانتارەکاندا پشتگیریکردنی پلانەکەی بۆ لێدانی داعش لە سووریا زیادی کردوە و، بەڵێنیشی دا کە تاوتوێکردنی پلانەکەی بە تەواوەتی و، درێژخایەن بێت.
پارتی (کار)ی بەریتانیا کە (جێرمی کۆربین) سەرۆکایەتیی دەکات سەرۆکوەزیران بەوە تاوانبار دەکات کە پەلە دەکات لە لێدانی داعش لە سووریا. (کۆربین) ڕێگای بە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی دا کە ئازادانە دەنگ بدەن لەبەر خاتری ئەوەی کە پرۆژەکە گەورە و ستراتیژییە، بەڵام بۆ خۆی دژایەتی دەستێوەردانە سەربازییەکان لە سووریادا دەکات.
ئەو ڕێگا پێدانەی (کۆربین) بە پەرلەمانتارانی پارتەکەی پشتگیرییەکی گەورەی بۆ پڕۆژەکە دروستکردوە، چونکە چاوەڕێدەکرێت بەشێکی ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی کار پشتگیری لێدانی داعش لە سووریایش دەکەن.
شیاوی گوتنە، (جێرمی کۆربین) داوای کردبوو کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە پەرلەماندا گفتوگۆی پرۆژەی لێدانی داعش لە سووریا بکەن، بەڵام (دەیڤید کامیرۆن) ئەوەی ڕەتکردۆتەوە گوتویەتی تەنها یەک ڕۆژ بۆ ئەوە تەرخان دەکەن و، میدیاییەکان ئاماژە بۆ گفتوگۆییەکی (١٠) سەعاتی لەو بارەیەوە دەکەن، هەروەها (کامیرۆن) هانی هەموو پەرلەمانتارەکانی داوە کە زۆرترین پرسیا بکەن تاوەکو زۆرترین وەڵامیان بداتەوە.
ئەگەرچی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی پشتگیری لێدانی داعشیان لە سووریا ڕانەگەیاندوە، بەڵام لەنێو ئەندام پەرلەمانەکانیاندا ئەو حەزە بەدیدەکرێت و چاوەڕێدەکرێت پشتگیری بڕیارەکە بکەن، وە چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتاران پێیانوایە کە دەنگدانی ئازادی پەرلەمانتارەکانی پارتی کار گەرەنتی سەرکەوتنی پڕۆژە بڕیارەکە دەدات.
لەساڵی (٢٠١٣) دا پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەی بەشداریکردنی لێدانە سەربازییەکان لە سووریادا پەسند نەکرد، بەڵام دوای هاتنی داعش ڕێگایاندا بەریتانیا بەشداری هێرشە ئاسمانیەکانی لە عێراقدا بکات.
و/ خالید گەیلانی




