لە جەلەولا و سەعدیەدا بەشە دامەزرانی كورد خورا

جەلەولا -KDP.info-وزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆی داوە لە پارێزگای دیالە و، ناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە بەڵام هیچ كوردێكی ئەو ناوچانە دانەمەزرێندراوە و مافیان خوراوە.
(عامر ڕەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای چاوپێكەوتنی وەزیری پەروەردەی عێراق لەگەڵ بەرێوبەرایەتی پەروەردەی دیالە و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە وەكالەت, بڕیار درا كۆمەڵیك لە دەرچووانی زانكۆ دابمەزرێندرێن لە كەرتی پەروەردەی پارێزگای دیالەدا.
لەم نێوەندەشدا بەشێك دیاری كرا بۆ شارۆچكەی جەلەولا و سەعدیە و حەوزی حەمرین. لە 5ـی تشرینی دووەمدا نووسراو ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كرا و لە 11ـی تشرینی دووەمدا بڕیاری دامەزراندنی 45 كەس گەڕاوەتەوە كە ناوی یەك كوردیان تێدا نییە و كوردەكان فەرامۆش كراون و ئەوانەی دامەزرێندراون سەرجەمیان عەرەبن."
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە جەلەولا ڕایشیگەیاند: "بەرپرسانی دیالە مافی كوردیان خواردووە و تەنها بۆ نەتەوەی عەرەب هەوڵ دەدەن و دایاندەمەزرێنن. ئەم كوردانەی جەلەولا و سەعدیە كە سەر بە پارێزگای دیالەن لە دیالەدا دانەمەزرێندرێن و, لەبەر قەیرانی دارایی و، لەبەر ئەوەیش خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمن، لە هەرێمیش دانەمەزرێن, ئەی ئەم خەڵكە كوردە ڕوو لە كوێ بكات؟ ئێمە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تا مافی ئەم كوردانە لە بەرپرسانی دیالە وەردەگرینەوە و دەبێ كوردەكانیش دابمەزرێنن."
پێوەست بەم بابەتە پەیوەندیمان بە (د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد؛ ئەو دەڵێ: "ئێمەی نوێنەرانی كورد هەرگیز بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو زڵم و ستەمانەی لە كورد دەكرێت؛ لێ ناگەڕێین هەقی دامەزران و ماف و ئازادیی کورد بخورێت. چۆن دەبێ لە ناوچەیەکی کوردنشیندا خەڵك دابمەزرێنن و كورد فەرامۆش بکەن!؟"
جاف ئاماژەیشی دا: "پێوەست بەم بابەتە پەیوەندی بە لیژنەی پەروەردە و مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەكەم و، لە ڕێگای (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سكاڵا بەرز دەكەمەوە، ڕاستەوخۆش سكاڵاكە بە وەزیری پەروەردە دەگەیێنم؛ هەتا مافی ئەم كوردانە نەستێنینەوە، ڕاناوەستین."
سەرباز واحید




