٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

زانایان پێیانوایە، کە ئەگەر ڕێک‌نەکەون کارەسات ڕوو دەدات.. سەرکردەکانی جیهان لە ئاستێکی باڵادا گفتوگۆ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info-  کۆنفرانسێکی گرینگی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئامانجی گەیشتنە چارەسەر لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەوادا دەستی بە کارەکانی کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) کۆنفراسەکە لەلایەن (مانوێڵ پولگار ڤیداڵ) وەزیری ژینگەی پیرۆ کرایەوە، کە سەرۆکی لوتکەی پێشووتری کەش و هەوا بوو و، ئەو گوتی لە دژی گەرمبوونەوەی جیهان و تیرۆریزم پێویستە جیهان پێکەوە کار بکات.
لە (١٩٥) وڵاتی جیهانەوە دانوستانکاران لە (٢١)ـەمین کۆنفرانسی کەشوهەوادا بە بەشداریی (١٥٠) سەرۆک و سەرۆکوەزیر لە پاریس کۆ بوونەتەوە و دەیانەوێت تەکنۆلۆژیای خاوێن گەشە پێبدەن و، سنوورێک بۆ دەردراوەکانی کاربۆن دانێن.
سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکانی وڵاتانی جیهان، تەنها ڕۆژێک کۆبوونەوە دەکەن، دەیانەوێت ڕاگەیاندروێکی گرینگ لەو کۆنفرانسەدا ڕابگەێنن. نوێنەرانی وڵاتان لەو دوو حەفتەیەی کۆنفرانسەکەدا دەیانەوێت بە مەبەستی گەیشتنە چارەسەر هۆکاری هاوبەش لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی بخەنە بەر باس و گەنگەشەکردن.

ڕێککەوتن گرینگە:
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز)، زانایانی کەشوهەوا و، چالاکوانان و، نوێنەرانی سیاسی و ئایینیی وڵاتان، هەموویان پێکەوە داوای پێشکەوتنی سەرچاوەکانی وزەی خاوێن دەکەن، پێکەوە گوشار زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ڕێژەی کاربۆنی دەردراو لە زەویدا کەم بکەنەوە، چونکە هۆکاری گەرمبوونی زەوییە.
زۆربەی زانایان پێیانوایە، کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت لەسەر نەهێڵانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەوا پلەی گەرمی بەرزتر دەبێتەوە و، گەردەلوول و لافاوی کوشندە زیاد دەکەن، دەریاکان هەڵدەستن و بەستەڵەکەکانیش دەتوێنەوە.
ئەمەریکا و هیندستان، بە هەردووکیان بەقەد نیوەی جیهان دەردراوی گازی کاربۆنیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ (بارک ئۆباما) سەرۆکی ئەمەریکا و، (ناریندا مۆدی) سەرۆکوەزیری هیندستان کۆ دەبنەوە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی (چین)ـیش پێکەوە هانی سنووردارکردنی دەردراوی کاربۆن دەدەن.
شیاوی گوتنە، لەژێر کارنامەیەکی هاوبەشدا نزیکەی (٢٠) وڵات کە لەناویاندا ئەمەریکا و، فەرەنسا و، هیندستان هەن، خوازیاری بەرزکردنەوەی وەبەرهێنان و پیشەسازییەکانیان بۆ دوو ئەوەندە بە بەکارهێنانی وزەی خاوێن لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.
هەروەها فەرەنسا و هیندستان هاوپەیمانیەتێکی جیهانی هاوبەش ڕادەگەێنن بۆ هاندانی نزیکەی (١٠٠) وڵات لەوانەی کە بە وزەی خۆر دەوڵەمەندن، تاوەکو وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر فراوان بکەن.
بێجگە لە وڵاتان کەسایەتییە تایبەتەکانیش بەشداری ئەو کۆنفرانسەن، لەوانە (بیڵ گەیتس) و (مارک زوکربێرگ)، بەشداریکردنیان لەپێناو دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێناندایە بە بەکارهێنانی وزەی خاوێن و خەرجیی کەمتر، لە ئێستاوە هەموو ساڵێک تاوەکو ساڵی (٢٠٢٠) پرۆژە و وەبەرهێنانیان دەبێت.
لووتکەی کەشوهەوا تاوەکو (١١ـی کانوونی یەکەم) بەردەوام دەبێت، وڵاتانی جیهان لە ئاستی باڵادا گەشبینن کە دەگەن ڕێککەوتن لەسەر گۆڕانی کەشو هەوا، جگە لە سنووردارکردنی دەردراوی کاربۆن، پەرە بە بەکارهێنانی وزەی خۆر دەدرێت و بودجەییەکی پێویستیش بۆ وڵاتانی مامناوەند و هەژار تەرخان دەکرێت، تاوەکو کار بۆ ژینگەیەکی خاوێن بکەن.


و/ خالید گەیلانی


 

هەواڵی پەیوەندیدار