"بهنداوای مووسڵ مهترسیی ڕووخانی لێ ناکرێ"

ههولێر-KDP.info- ئهندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، شاندێکی ئەنجومەن سەردانی بەنداوی مووسڵیان کردووە و بۆیان دەرکەوت مەترسیی ڕووخانی لێ ناکرێت.
(غەزوان حامد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەنگۆ داکەوتبوو گوایە بەنداوی مووسڵ سست بووە و، ڕەنگە داڕووخێت؛ شاندێکی ئەنجومەن بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەن سەردانی بەنداوی مووسڵیان کرد و، لە نزیکەوە دۆخەکەیان بینی و، بۆیان دەرکەوت ئەو دەنگۆیە ڕاست نییە و، بەنداوەکە مەترسیی ڕووخانی لێ ناکرێت."
(غەزوان حامد) گوتیشی، بەنداوەکە هەر کێشەیەکی تێ کەوتبێت، دەبێ چارە بکرێت؛ خوانەکردان ئەگەر ئەو بەنداوە بڕووخێت، دنیا کاول دەکات."
دیارە حەفتەی ڕابردوو (غەزوان حامد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاندبوو، کە بەنداوی مووسڵ داڕزاوە و، ٦٠٠ملیار دیناری دەوێ تا چاک بکرێتەوە و، بەغدا حازر نییە تاقە دینارێکیش بدات.
بڵند ئیبراھیم




