٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"به‌ رێككه‌وتنه‌كانی خورماتوو متمانه‌ دروست نه‌بووه‌"

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ـی پارتیی دەڵێ سەرجەم ئەو ڕێكەوتنانەی بۆ خورماتوو كرا چارەی یەكجارەگی نەبوو، چونكە متمانە دروست نەبووە.

(ئەكرەم ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕاستە ئەم ڕێكەوتنانەی لەنێوان لایەنێكی كورد و حەشدی‌شەعبی كراوە بەشێك لە گرژییەكانی لە خورماتوو وەستاندووە، بەڵام ئەم ڕێكەوتنانە نەیانتوانیوە متمانە دروست بكات. بۆیە لەهەر ڕوداو حاڵەتێكی نائاساییدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و شەر هەیە."
ڕوونیشی كردەوە: "حەشدی‌شەعبی ئەجێندایەكی دیاریكراوی هەیە و دەیەوێت خۆی لە شارەكەدا بسەپێنێت، بۆیە سەرەرای وەستانی تەقە بەڵام هەر متمانە لەنێوان لایەن و پێكهاتەكان دروست نەبووە و وا ئاسانیش دروست نابێت. بۆیە لە سەرەتاوە تا دواهەمین ڕێكەوتن نەبۆتە هۆی چارەی یەكجارەكی كێشەكە لە خورماتوو. چونكە حەشدی شەعبی لە هەوڵدایە باڵادەستتر بێت لە شارەكە و ئەجێندای خۆی بسەپێنێ."
(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ڕایگەیاند: "ئێستا لە شاری خورماتوودا سووكایه‌تی به‌ كورد ده‌كرێ و كورد ناتوانێ ئازادانە سەردانی گەڕەك و بازاڕ بكات، بەڵام توركمانە شیعەكان زۆر ئاسایی و بێ‌كێشە سەردانی هەموو شوێنێك دەكەن. ئێستا بایكۆتكردنێكی نافەرمی لە دامودەزگا و قوتابخانەكان لە شارەكەدا هەیە. دوای تەقینەوەكەی دوێنێی خورماتوو حەشدی‌شەعبی چەند كورد و سونەیەکی دەستگیر كرد؛ ئەمڕۆ دوای فەلاقە و سووکایەتی و تێهەڵدانێكی زۆر ئازادی كردن."
(عەزیز) ئاشكراشی كرد: "هێزێكی حەشدی‌شەعبی چوونە نێو کەندوو (سایلۆ)ی دووز و ویستیان سووكایەتی بە فەرمانبەرە كوردەكان بكەن و، دەست بەسەر سایلۆكەدا بگرن، بەڵام هێزی فریاكەوتنی شار سەنگەریان لێ گرتوون ڕێگەیان پێ نەدان."
لە 12ـی ئەم مانگەدا بە هۆی ڕەفتاری حەشد‌ی‌شەعبیەوە گرژیی كەوتە نێوان چەكدارانی حەشدی‌شەعبی و كوردەكانی قەزای خورماتووەوە و، 10 چەكداری حەشدی­شەعبی كوژران و 9 هاووڵاتیی كوردیش شەهید بوون و، دۆخەكە هێشتایش ئاسایی نەبووەتەوە.
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار