كۆنفڕانسی گۆڕانی كەشوهەوا لە پاریس دەست بە كارەكانی دەكات

پاریس-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بیبیسی)، پاریس لە ژێر ئاساییشێكی چڕوپڕدا میوانداری لە نزیكەی (١٥٠) سەرۆكی وڵاتانی جیهانی دەكات بۆ بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی گۆڕانی كەشوهەوا.
ئەوە (٢١)ـەمین كۆنفڕانسی گۆڕانی كەشوهەوا دەبێت كە لە ژێر چاودێریی نەوتەوە یەكگرتووەكاندا سازدەكرێت بۆ ڕێكەوتن لەسەر سنوورداركردنی دەردراوەكانی كاربۆن و، لە پێناو هێشتنەوەی ژینگەیش بە خاوێنی.
لەو كۆنفڕانسەدا نزیكەی (٤٠ هەزار) كەس بەشداری دەكەن كە لە بەیانییەوە دەكرێتەوە تاوەكو (١١)ـی كانوونی دووەم.
هەڵبەتە ئەو كۆنفڕانسە لە كۆنفڕانسەكەی ڕابردووی گۆڕانی كەشوهەوا گەورەترە كە لە (كۆپنهاگن) لە ساڵی (٢٠٠٩)ـدا ئەنجام دراوە، چونكە بەشداریكردنی سەرۆكی وڵاتانی جیهان تێیدا زۆرترە، لە كۆنفرانسەكەی كۆپنهاگندا تەنیا (١١٥) سەرۆك بەشدار بوون.
لەبەر گرینگیی كۆنفڕانسەكە، (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆكی فەڕەنسا ڕێگای نەدا كۆنفڕانسەكە لەبەر ڕەوشی ئەمنیی پاریس دوا بخرێت و، پێشبینیی كرد كە سەركردەی وڵاتەكان لەو كۆنفڕانسەدا لەسەر پرسی كەشوهەوا دەگەنە ڕێككەوتنێكی باش. هەروەها (بان كیمۆن) سكرتێری گشتیی نەوتەوە یەكگرتووەكان پێشتر ڕایگەیاندبوو كە، ڕێككەوتن لەسەر گۆڕانی كەشوهەوا نەكرێت، ئەوا توندڕەویی و تیرۆر بە هۆی بێكارییەوە بەرز دەبنەوە.
لەو كۆنفڕانسەدا هەرسێ وڵاتی گەورە كە زۆرترین دەردراوی كاربۆنیان هەیە لەوانە (ئەمەریكا، چین و هیندستان) لە ئاستی سەرۆكایەتیدا بەشدار دەبن و، بڕیارە بەر لە دەستپێكردنی كۆنفڕانسەكەیش سەرۆكی ئەمەریكا و چین پێكەوە كۆ ببنەوە و، هانی یەكتری بدەن لەسەر گەیاندنی كۆنفڕانسەكە بە ئەنجامێكی باش.
بەشداربووان و شارەزاییانی بواری ژینگە پێیان وایە، گرینگە لەسەر بابەت و ئامانجەكانی كۆنفرانسەكە ڕێككەوتن بكرێت تاوەكو بتوانن هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتر بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكانی گازی كاربۆن بكەن و بەر لە زیانەكانی بگرن، هەروەها هەوڵ بدەن بۆ دانانی بودجەییەكی باش بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێشكەوتوو تاوەكو بتوانن پەرە بە ژینگەیەكی تەندروست بدەن.
شیاوی گوتنە، نوێنەرانی جیهان لە نزیكەی (١٩٦) وڵاتەوە بەشداریی كۆنفڕانسی (٢١)ـەمینی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن. فەڕەنسا بۆ ئەو مەبەستە ڕێوشوێنێكی ئەمنی توندی گرتووەتە بەر بۆ دابینكردنی ئاساییش بۆ كۆنفڕانسەكە، لە تازەترین هەنگاویشیدا نزیكەی (٨ هەزار) پۆلیس و سەربازی بە سنوورەكاندا بڵاوە پێ كردووە بۆ ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی كەسانی گومانلێكراو و دابینكردنی ئاساییش، هەروەها نزیكەی (٢٨٠٠) كارمەند لەو هێزانە ئاساییشی (لی بۆرگێت) دەپارێزن كە شوێنی بەستنی كۆنفڕانسەكەیە.
فەڕەنسا دوای شاڵاوەكانی (١٣ـی نۆڤەمبەر)، نزیكەی (١٢٠ هەزار) پۆلیس و سەربازی بە سەرانسەری فەڕەنسادا بڵاوە پێ كردووە بۆ دابینكردنی ئاساییش لەو وڵاتەدا، هەروەها وەزیری ناوخۆی فەڕەنسایش ئاماژەی بە بەردەوامیی باری نائاسایی داوە تاوەكو شوباتی ساڵی داهاتوو.
و/ خالید گەیلانی




