ئەردۆگان بۆ ڕووسیا: بێنه نێو خاكمان دووباره فڕۆكهكانتان دهخهینه خوارهوه

ئانكارا-KDP.info- سەرکۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) لە وتارێکدا لە ئانکارا پشتی تورکمانەکانی سووریای گرت و، گوتی وا خەریکە لە سووریا دەریاندەکەن و بۆ سنوورەکانی تورکیایان دەنێرن. ئەو گوتی با هەموو دنیا بزانێت کە شەڕ لەگەڵ داعش نییە لەگەڵ تورکمانەکانە.
ئەردۆگان باسی لازقیەی سووریای کرد و ئاماژەی دا کە لە چواردەوری ئەو شارە، دەیان گوندی تورکمان و ناوچەی تورکمانی لێیە، داعش بە هیچ شیوەیەک نین لەوێ، کەسیش با خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت، بەڵام بە داخەوە ئەسەد و ڕووسیا مەبەستیانە تورکمانەکانی سووریا وەدەربنێن و خۆیان شوێنی بگرنەوە.
هەروەها ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی نەوت لە داعش دەکڕێت و گوتی: "بە داخەوە زۆریش بە داخەوە هەندێک لە وڵاتان ئێمە تۆمەتبار دەکەن کە نەوت لە داعش دەکڕینەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەوتی داعش ناکڕین، ئێمە لە ڕووسیا و ئیران و ئازەربێجان و ههرێمی كوردستان نەوتی خۆما دەکڕین؛ شوورەییە تۆمەتمان بۆ هەڵدەبەسن."
ئەردۆگان دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی ئەسەد، چونکە تا ئێستا 380هەزار هاووڵاتی بێتاوانی شەهید کردووە. ئەو تۆمەتباری کرد بەوەی سەرەکیترین هاوکاری داعشە و، ئەوەی نەوتیش لە داعش دەکڕێت هەر ئەسەد خۆیەتی."
لە بارەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسیا لە لایەن تورکیاوە خەمخۆری خۆی دەربڕی و گوتی بریا نەقەومابا، بەڵام لە چوارچێوەی یاسادا ئەو کارەیان کردوە و، بە هیچ شێوەیەکیش نەیانزانیوە فڕۆکەکە ڕووسە.
ئەو گوتی: "ئێمە لەگەڵ ڕووسیا ستراتیژی گرنگمان هەیە، بەڵام دەبێت هەردوو لا ڕێز لەو ستراتیژییە بگرین. میدیاکانی ڕووسیا و بەرپرسانی ڕووسیا لێدوانەکانیان زۆر توند بووە و ئێمە چاودێریمان کردوون، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی یاسای نێوەدەوڵەتیدا فڕۆکەکە کە ئاسمانی ئێمەی بەزاندوووە خستومانەتە خوارەوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوە، بەڵام گوێیان بە ئێمە نەداوە".
سەرکۆماری تورکیا دەڵێت ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە، بە هەمان شێوە وەڵامیان دەدەنەوە و دووباره فڕۆكهكانتان دهخهینه خوارهوه.
کارزان گلی




