٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ژووری عەمەلیات: زانیاریی پەرلەمانتاران هەڵە بووە.. چوار فڕۆكەكە بێكێشە بوون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تەنیا یەك لوولەی بێدەنگكەری چەك (كاتم) لەناو ئەو چوار فڕۆكەیەدا هەبووە كە یارمەتیی سەربازییان بۆ هەرێمی كوردستان هێنابوو، ئەگینا هیچ شتێكی دیكەی نائاسایی و قەدەغەكراو لەناو فڕۆكەكاندا بوونی نەبوو، دوای لێكۆڵینەوەیش هەر چوار فڕۆكەكە بێكیشە بوون و درێژەیان بە گەشتەكەیان دا.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بابەتی راگرتنی فڕۆكەیەكی سویدی، فڕۆكەیەكی كەنەدی و دوو فڕۆكەی ئەڵمانی كە یارمەتیی سەربازییان بۆ هەرێمی كوردستان هێنابوو، لە ئەنجامی هەندێك زانیاریی هەڵەی پەرلەمانتارە شیعەكانەوە بوو كە ئامانجیان تێكدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان خۆرئاوا و هەرێمە، بەڵام سەرجەم دەنگۆكانیان دوور بوو لە راستییەوە و رێگە بە هەر چوار فڕۆكەكە درا درێژە بە گەشتەكەیان بدەن، تەنیا یەك لوولەی بێدەنگكەری چەك (كاتم) لەناو یەك فڕۆكەدا هەبوو، ئەگینا هیچ شتێكی دیكەی نائاسایی و قەدەغەكراو لەناو فڕۆكەكاندا بوونی نەبووە، راستە لەناو فڕۆكە ئەڵمانییەكەدا پارە بوونی هەبووە، بەڵام ئەم پارەیە مووچەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بووە و پەیوەندی بە كوردەوە نییە."

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "لەگەڵ ژووری عەمەلیات قسەم كردووە كە سەر بە حكوومەتی بەغدایە و پێم گوتن، كوردیش بە هیچ شێوەیەك قبووڵی نییە كاری نائاسایی بكرێت، بەڵام ئەگەر وا نییە بۆ بابەتەكە دەشێوین و رێگری لە كاروانە چەكەكان دەكەن بۆ هەرێم، دواتر ئەم ژوورەی عەمەلیات بەیاننامەیەكیان دەكردووە و دەڵێن، زانیاری و قسەكانی پەرلەمانتارە شیعەكان لەبارەی فڕۆكە چەكهێنەرەكانەوە هەڵە بووە، بۆیە هیچ فڕۆكەیەكیان نەوەستاندووە و هیچ بارێكی چەكی (كاتم)ـیش بوونی نەبووە و قسەی پەرلەمانتارانی شیعە بە درۆ خرایەوە و لە راستییەوە دوور بوو."
بریاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێت، ئەم پەرلەمانتارە شیعانە لەم كارەیاندا دوو ئامانجیان هەیە كە، یەكەم ناشرینكرنی هەرێمی كوردستانە و دووەم دەیانەوێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ناشرین بكەن و عێراق هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیادا ببەستێت.

چەند پەرلەمانتارێكی لیستی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باسیان لەوە دەكرد كە، لەناو ئەو فڕۆكانەی یارمەتیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن، باری چەكی قەدەغەكراو و پارە بوونی هەیە و داوای لێكۆڵینەوەیان دەكرد، بۆیە حكوومەتی عێراق دەستی كرد بە لێكۆڵینەوە لە فڕۆكەكان و ژووری عەمەلیاتی بۆ دروست كرد.

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار