پێشبینی دەكرێت تا سەری ساڵ بوودجە پەسەند بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، خوێندنەوەی دووەم بۆ بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق تەواو بووە و، ئەمڕۆیش حكوومەتی عێراق هەمواركراوەكان پەسەند دەكات و چاوەڕێ دەكرێت پێش سەری ساڵی نوێ بوودجە پەسەند بكرێت.
(نەجیبە نەجیب) ئەنـدامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بوودجەی 2016ـی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا و ڕەوانەی لیژنەی دارایی كراوە بۆ ئەوەی كارەكانی خۆیانی لەسەر ئەنجام بدەن، چونكە خەمڵاندنی بوودجە لە 106 تریلیۆن دینارەوە كەم كرایەوە بۆ 101 تریلیۆن دینار و كورتهێنانیش لە 22 تریلیۆن دینارەوە كەم كرایەوە بۆ نزیكەی 17 تریلیۆن دینار، ئەمڕۆیش بڕیارە حكوومەت دەنگ لەسەر ئەو هەمواركردنەوانە بدات كە لە پەرلەمان بۆ بوودجە كراون و پەسەندیان بكات".
(نەجیب) گوتیشی: "پێشبینی دەكەم پێش سەری ساڵی نوێ بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق پەسەند بكرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان دەشڵێت، ئەو دەنگانەی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لادانی سەدا 17ـی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان هەن، كارەكەیان سەر ناگرێت، چونكە ئەوانەی بڕیاربەدەستن، لەگەڵ ئەوەدا نین بوودجەی كوردستان لابدرێت.
نەشوان بەرزنجی




