٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و دزیكردن زیادی كردووە.. داعش چاوپۆشی لێ دەكات

سەرچاوە: KDP.info
 
مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، دیاردەی دزیكردن بە رێژەیەكی بەرچاو لە مووسڵ زیادی كردووە و وای لێ هاتووە خەڵك شەوانە ناوێرن دەرگای ماڵەكانیان بكەنەوە، تیرۆریستانی داعشیش چاوپۆشی لێ دەكەن.

(عیسمەت رەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دیاردەی دزیكردن بە شێوەیەكی بەرچاو لە مووسڵ زیادی كردووە كە هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و دزییان لێ دەكرێت، بە تایبەت شەوانە، خەڵكیش باس لەوە دەكەن كە تیرۆریستانی داعش دەستیان لەو دزیكردنەدا هەبێت، ئەگەر نا دەیانتوانی رێگری لەو دزیكردنە بكەن و چاوپۆشییان نەدەكرد".

(رەجەب) گوتیشی: "لە ئێستادا وای لێ هاتووە بە تایبەت شەوان خەڵك ترسی هەیە لەوەی دزی لە ماڵەكانیان بكرێت، بۆیە دەرگای ماڵەكانیان دادەخەن و ناوێرن بیكەنەوە، بۆ ئەوەی دزییان لێ نەكرێت".

ئەمەیش لە كاتێكدایە، دیاردەی برسێتی بە رێژەیەكی بەرچاو لە مووسڵ زیادی كردووە و چەندین قەیرانیش بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی داعشەوە لەو شارەدا هەیە، وەكو نەبوونی بەنزین و داودەرمان و خۆراك و ئاو و كارەبا، تاوەكو ئێستایش بە دەیان منداڵ لە برسان گیانیان لە دەست داوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار