٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بان كیمۆن داوای هەماهەنگیی نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا دەكات لە شەڕی داعشدا

سەرچاوە: KDP.info

رۆیتەرز-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ڕۆیتەرز"، ئەمڕۆ یەكشەممە (بان كیمۆن) سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هەماهەنگیی بەپەلەی نێوان ڕووسیا و ئەمەریكای كردووە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆریزم و، هەروەها پلانێكی تۆكمەی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەویی ڕاگەیاندووە كە لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەست پێ دەكات.

(بان كیمۆن) لە میانەی لوتكەی ساڵانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا گوتی: "هەموو تیرۆریستەكان و ئایدۆلۆژییە توندڕەوەكان، دەبێت لە ژێر ناوی مرۆڤایەتیدا شكستیان پێ بهێنرێت، بۆیە لەو پێناوەدا پێویستە یەكگرتوو بین و، هەماهەنگی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بخەینە گەڕ لە بەرانبەر دوژمن و نەیارە هاوبەشەكانمان (داعش) و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە".

ڕوونیشی كردەوە: "زۆر بە جیددی پێویستە ڕووسیای فیدڕاڵ و ئەمەریكا پێكەوە هەماهەنگ بن لە شەڕی داعشدا".

هەر لەوێ ( باراك ئۆباما)ـی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش ڕایگەیاند، ئەمەریكا و هاوپەیمان و هاوكارەكانیان سارد نابنەوە لە شەڕی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا و، هەوڵەكان چڕتر دەكەنەوە.

(ئۆباما) گوتیشی: "لەناوبردنی داعش تەنیا ئامانج و گۆڵێكی ڕاستەقینە نییە و بەس، بەڵكە ئەوە ئەنجام دەدەین و لەناویان دەبەین، خاكەكە ئەوەی كە ئێستا لە ژێر دەستیاندایە، لێیان دەستێنینەوە و هێڵە داراییەكانیان لەناو دەبەین و، سەركردەكانیان ڕاو دەكەین، هەروەها تۆڕە تیرۆریستییەكەیان لێك هەڵدەوەشێنین و بێگومانیش لەناویان دەبەین".

(سەرۆك ئۆباما) ئاماژەیشی بۆ هەوڵەكانی ڕووسیا كردووە و گوتوویەتی، ئەگەر ڕووسیا سەرنج و لێدانەكانی بە ئاڕاستەی هەڵتەكاندنی داعشدا ڕێك بخات، ئەوا زۆر یارمەتیدەر دەبێت. هیوایشی خواستووە كە مۆسكۆ ڕازی بێت لەسەر لابردنی سەرۆكی سووریا واتە (بەشار ئەسەد) بۆ قۆناغی چارەسەری سیاسیی پرسی سووریا.

شیاوی گوتنە، (دیمیتری میدڤێدێر)ـی سەرۆكوەزیرانی رووسیایش كە لەوێ ئامادە بوو، ئاماژەی بە ئەرك و ڕۆڵ و یەكگرتوویی كۆمەڵگای ئیسلامی داوە لە شەڕی داعشدا و گوتوویەتی، هەموو ئەو وڵاتانەی كە زۆرینە یاخود بەشێكی زۆر موسڵمانیان تێدایە بە ڕووسیایشەوە، پێویستە یەكگرتوو بن لەشەڕی داعشدا و ڕۆڵی جیددی بگێڕن.

 

و/ خالید گەیلانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار