٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

واژۆ كۆ كراوەتەوە تا حكوومەت پارەی جووتیاران بدات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، واژۆیان كۆ كردووەتەوە و ئاڕاستەی لیژنەی داراییان كردووە بۆ ئەوەی پارەی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ بكرێتە بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی داهاتوو، بۆ ئەو مەبەستەیش سەرجەم پەرلەمانتاران پشتگیرییان لە داواكارییەكە كردووە.

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا هیچ باسی پارەی جووتیاران نەكراوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، بۆیە واژۆمان كۆ كردووەتەوە و ئاڕاستەی لیژنەی داراییمان كردووە، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا بكرێتە بڕگەیەك تا حكوومەت ناچار بكات ئەو پارەیە خەرج بكات، لیژنەی داراییش باسیان لەوە كردووە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی ئەو داواكارییە بكرێتە بڕگەیەك لە بوودجەدا".

(جاف) گوتیشی: "لیژنەی دارایی داوای كرد جووتیاران چەكی پارەیان بۆ رەوانە بكەن بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەن و بۆیان خەرج بكەن، بەڵام من بەدواداچوونم بۆی كرد و دەرچوو چەكیان نییە و تەنیا پسوولەی فرۆشتنی گەنمیان هەیە، بۆیە بڕیارە ئەو پسوولەیە رادەستی لیژنەی دارایی بكات".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "لە داواكارییەكەی ئێمەدا هاتووە كە، پارەی گەنمی جووتیارانی هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، بۆیە هەموو پەرلەمانتاران پشتگیری لەو داواكارییەی ئێمە دەكەن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار