تیرۆریستانی داعش 7ـیان لە یەكدی كوشتن

مووسڵ-KDP.info- جارێكی دیكە تیرۆریستانی داعش لەنێو خۆیاندا بوو بە شەڕیان و ئەمڕۆیش ژمارەیەكی تریان لە یەكدی كوشتن، لەلایەن داعشیشەوە مامۆستایەكی ئایینی و ژمارەیەك گەنج گولـلەباران كران و 172 كەسیشیان دەستگیر كردن.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە مامۆستایەكی ئایینی بە ناوی (شێخ حوسێن ئەلئەحمەدی) پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئەلحەقی لە گەڕەكی سۆمەر، لەلایەن داعشەوە كوژرا، هەروەها بە هۆی شەڕی دوو گرووپی تیرۆریستانی داعشەوە، 7 تیرۆریست كوژران و 4 ئۆتۆمبێلی جۆری پیكاب تویوتایش سووتێنراون".
(مەموزینی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەنێو شاری مووسڵ 172 كەس دەستگیر كران كە رەتیان كردبووەوە بچەنە بەرەكانی شەڕ بۆیان، هەروەها 3 گەنجیشیان گولـلەباران كرد، چونكە بە موبایل وێنەی هەندێ شوێنەكانی شاری مووسڵیان گرتبوو".
نەشوان بەرزنجی




