٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یەکیەتیی ئەورووپا رازیبوو له‌ سنووره‌كاندا سیسته‌می به‌په‌له‌ دابنرێ

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌ورووپا-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (فرانس ٢٤) ئەمڕۆ هەینی وەزیرانی ناوخۆ و دادی وڵاتانی یەکیه‌تیی ئەورووپا لەسەر ڕێوشوێنی هەماهەنگیکردن بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکانیان و، ئاساییش و پشکنین و، هاوتوچۆی ناوچەی ئازادی (شینگن)ـەوە كۆبوونه‌وه‌.

(بێرنارد خۆسنێڤ) وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدابوو کە یەکیه‌تیی ئەورووپا پێویستە بەئاگا و هۆشیار بێت لەبەرانبەر ئەو شاڵاوە تیرۆریستیانەی کە لە پاریس ڕوویاندا و ئەو هەڕەشانەی لەناوچەکەدا هەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو کە وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا ئەوانیان ئاگادارنەکردووه‌تەوە لەسەر هاتنە ناوەوەی (عەبدولحەمید ئەباعود) بۆ نێو فەرەنسا زانیاریان لەسەری نەبووە، (ئەباعود) گه‌وره‌ تیرۆریستی شاڵاوەکانی سەر پاریس بوو و،لە هەڵمەتەکانی پۆلیسدا کوژرا.

سەبارەت بە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داوای بەپەلەی لە هاوتا وەزیرەکانی لە وڵاتانی یەکیەتیی ئەوروپا کردوە کە بەخێرایی بەرەو ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریزم ببنەوە و هەنگاوی جیدی بنێن.  هەروەها هیوایشی خواستوە کە لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی ئەمنی ناوچەکە بگەنە ڕێکەوتن و بڕیاری تۆکمە.

ڕاپۆرتەکە لە ئاژانسەکانی هەواڵی (رۆیتەرز)ـەوە ئەوەی زانیوە کە وەزیرەکانی یەکیەتیی ئەورووپا ڕازیبون لەسەر جێبەجێکردن و دانانی سیستەمی بەپەلە و پێویست لە سنوورە دەرەکییەکانیان بۆ ئەنجامدانی پشکنین و هەماهەنگی ئاساییشی لەگەڵ یەکتریدا،  هەروەها لەگەڵ بڵاوەپێکردنی تیمی تایبەتی پۆلیسی سنووریش لەسەر سنوورەکان.

شیاوی گوتنە، فەرەنسا هەوڵەکانی فراوانتر و چڕترکردووه‌تەوە و، لەلایەک سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت لەگەڵ باراک ئۆباما و ڤلادیمێر پۆتین بەجیا کۆببێتەوە تا بتوانن ستراتیژیەتی شەڕی داعش بەهێزتر بکەن، لەلایەکی دیکەیشەوە فەرەنسا لە ڕێگەی یاسادانەرەکانییەوە ڕەشنوسە یاساییەکی بۆ ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکردوە و، دەیەوێ هەماهەنەگی زیاتر لە وڵاتانی ئەندام داوابکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی شەڕی داعش.

بەهۆی شاڵاوە تیرۆریستیەکانی هەینی ڕابردوەوە کە نزیکەی (١٢٩) کوژراو و زیاتر لە (٣٥٠) برینداریشی لێکەوتەوە، دۆخێکی نائاسایی بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا هێنایە پێش و، پەرلەمانی فەرەنسا ڕازیبوو بە درێژکردنەوەی باری نائاسایی بۆ سێ مانگ.

و/ خالید گەیلانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار