ئەنجوومەنی نوێنەران چوار پڕۆژەیاسا دەخاتە دەنگدانەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و، سەرەتا چوار پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدانەوە، دواتریش گفتوگۆ لەسەر بوودجەی 2016ـی عێراق و دوو پڕۆژەیاسای دیكە دەكرێت.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە سەعات (1)ـی پاشنیوەڕۆ، دانیشتنی ژمارە (40)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و سەرەتایش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەستگای شەهیدان، پڕۆژەیاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕ و هەڵەی سەربازی و كردەی تیرۆرستی و پێشنیازی پڕۆژەیاسای گواستنەوەی پەیمانگای هوتێل بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە دەكرێت، هەروەها دواتریش میوانداریی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكرێت و، لەلایەن لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانیشەوە گفتوگۆ لەسەر راپۆرتەكانی پرۆژەیاسای بوودجەی 2016ـی عێراقی فیدراڵ دەكرێت".
(جاف) گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواركراوی یەكەم لە یاسای دابینكردنی بەرپرسیارەتیی كەسی بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە (47)ـی ساڵی 1990 دەكرێت، لەگەڵ پرۆژەیاسای هەمواركراوی یاسای بنەما دادگاییەكانی سزایی ژمارە (23)ـی ساڵی 1971".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: "لە كۆتایی كارنامەی ئەمڕۆدا هاتووە كە، پلانی كاركردنی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكانی نەبەستراو بە هەرێمەوە، دەخرێتە روو".
نەشوان بەرزنجی




