٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوا دەكرێت پۆستی سەرۆكی دەستگای شەهیدانی عێراق بدرێتە كورد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا داوا دەكات وەك وەفایەك بۆ هەموو ئەو شەهید و قوربانیانەی كورد لە عێراق بەخشیویەتی، سەرۆكی دەستگای شەهیدانی عێراق بدرێتە كوردێك.

(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یاسای دەستگای شەهیدان كە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدات، وەك یەكێك لە یاسا گرینگەكانی گەلی عێراق و قوربانیانی دەستی دیكتاتۆرییەت و تیرۆر دەژمێردرێت".

دەشڵێت: "لەبەر گرینگیی ئەم دەستگایە لە پاراستنی مافی شەهیدان، وەكو وەفایەكیش بۆیان و بۆ خانەوادەكانیان كە بێبەش كراون لە مافی شەهیدەكانیان بە هۆكاری جۆراوجۆر و بە تایبەتیش قوربانیانی رژێمی پێشوو و، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی سەرۆكی دەستگا لە جێبەجێكردنی داواكاریی خانەوادەی شەهیدان كە رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و، لەپێناو پەلەكردن لە جێبەجێكردنی كارەكانیان بە شێوەی دادپەروەرانە و بە بێ‌ جیاوازی، هەروەها لەبەر ئەوەی پێكهاتەی كورد لە عێراق زۆرترین و گەورەترین قوربانی و شەهیدی داوە بە دەستی رژێمی پێشوو كە ئاشكرایە رژێمی پێشوو كەمتەرخەمیی نەكرد لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی شارستانییەتی كورد و  ڕووخاندنی تەواوی لادێكانی كوردستان هەر لە زاخۆوە تا خانەقین دواتریش پرۆسەی ئەنفالی بەدناو. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا كورد ئەو پێكهاتەیەیە كە دووچاری چەپەڵترین دەستدرێژی بووەتەوە وەك تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە پۆستی سەرۆكی دەستگاكە بدرێتە كورد".

(خەیلانی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆیش داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و تەواوی كوتلە سیاسییەكان دەكەم كە پێویستە پۆستی سەرۆكی دەستگای شەهیدان بۆ كەسێكی كورد بێت وەكو وەفایەك و مافێكی ڕەوا كە كەمترین رێزلێنانە لە خوێنی شەهیدان و ئەو ژمارە زۆرەی ئەنفال و دەربەدەركراوەی سەر زێدی خۆیان".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار