گفتوگۆكان لەسەر بوودجەی گشتیی 2016 بەردەوام دەبن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەردەوامی دەدرێت بە گفتوگۆكردن لەسەر بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراقی فیدڕاڵ و، پیشنیازەكانی حكوومەتیش دەخرێنە نێو پڕۆژەیاساكەوە.
(شیرین عەبدولڕەحمان دینۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنی ژمارە (39)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و، ژمارەیەك پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت، هەروەها بەردەوامی دەدرێت بە گفتوگۆكردن لەسەر بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق و تێیدا حكوومەت كە ژمارەیەك پێشنیازی هەبوو، دەدرێن بە لیژنەی دارایی تا بخرێنە نێو پڕۆژەیاساكە كە تایبەتە بە نەوت و ئاوارەكان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و هەروەها كورتهێنان لە بوودجەدا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، جەخت لەسەر ئەو رێككەوتنە نەوتییە دەكەینەوە كە هەبووە و، بوودجەی 2016ـی عیراقیش وەكو ساڵی پێشوو هاتووە لەبارەی هەرێمەوە كە ئایا رێككەوتنەكە بەردەوام دەبێت یاخود رێككەوتنی نوێ دەكرێت گوتى، چاوەڕێین شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات تا بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق بكەین".
نەشوان بەرزنجی




