٢٨ لاشەی دیكەی داعش گەڕێنرانەوە مووسڵ

مووسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ لاشەی ٢٨ تیرۆریستی داعش كە لە شەڕی ڕزگاركردنی شنگالدا كوژراون، گەڕێنرانەوە مووسڵ و یەكێكیشیان پلەی ئەمیری هەیە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "٢٨ لاشەی دیكەی تیرۆریستانی داعش گەڕێنراونەتەوە مووسڵ كە لە شەڕی رزگاركردنی شنگال و كەسێكێ كوژرابوون و، یەكێك لەوانە ئەمیرە بە ناوی (خەیری مستەفا سەمەد) كە ناسراوە بە (ئەبومحەممەد).
(مەموزینی) ئاماژەیشی دا، ٥١ تیرۆریستی دیكەی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.
گوتیشی، دوو هاووڵاتیی كورد كە پیشەیان كاسب بوو و سەر بە هیچ لایەنێك نەبوون، لەبەر ئەوەی رەتیان كردەوە بچنە بەرەكانی جەنگ، لە سەربازگەی غەزلانی گولـلەباران كران.
(مەموزینی) ڕوونیشی كردەوە، ٢٢١ ماڵی تیرۆریستانی داعشی بیانی هێنراونەتە شەرگات و مووسڵ و، لەسەر ماڵی ئەو كەسانە نیشتەجێ كراون كە لە ترسی داعش ڕایان كردووە.
بڵند ئیبراهیم




