ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیس لە پاریس بەردەوامن و، چەندین گومانلێکراویش دەستگیر کراون

پاریس-KDP.info- بەگوێرە ڕاپۆرتكی (فرانس ٢٤) لە سەعات ٤ـی ئەم بەیانیی چوارشەممەیە، پۆلیس گەڕانێکی چڕی لە ناوچەی (سەینت دێنیز) باکووری پاریس ئەنجام داوە بەمەبەستی گرتنی چەند تیرۆریستێک لەناویشیاندا (عەبدولحەمید ئەباعود)ی بەلژیکایی، کە داڕێژەری شاڵاوەکانی شەوی هەینیی ڕابردوو بووە.
لە ئۆپەرسیۆنەکەدا، ژنێکی تاوانبار خۆی تەقاندووەتەوە و، دەگوترێت دوو تاوانبار بەهۆی ئەوەوە کوژراون. چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و دادوەرییش گوتوویانە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە گرتنی داڕێژەری کردە تیرۆریستییەکان بووە، کە زانیاریی هەبووە لەوێ بێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، (عەبدولحەمید ئەباعود) داڕێژەی کردە تیرۆریستییەکانی پاریس، کە خەڵکی بەلژیکایە، لەو باڵاخانەیەدا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەستیان بەسەردا گیراوە و دەستگیر کراون کە ژمارەیان (٥) کەس بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆلیس ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بۆ تاوتووکردنی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعشدا، بڕیار وایە (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆککۆماری فەرەنسا، ڕۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە، سەردانی ئەمەریکا بکات و، لەگەڵ (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە، هەروەها لە ٢٦ـی مانگیشدا دەچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیادا کۆ دەبێتەوە.
(فرانسوا ئۆلاند) لە وتەکەیدا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، داوای یەک هاوپەیمانەتی کرد بۆ شەڕی داعش، واتە پێویستە ئەمەریکا و ڕووسیا یەک بەرەیان بۆ شەڕی داعش هەبێت تاوەکو کاریگەرییەکان بۆ لەناوبردنی داعش بەهێزتر بن.
شیاوی باسە، ڕاپۆرتێکی (بیبیسی) ئاماژەی بەوە کردووە کە، ناوچەی (سەینت دێنیز) ناوچەییەکی فرەنەتەوەیی و، فرەکولتووری و فرەئایینە، زۆربەی ئەوانەی لەوێ دەژیێن، لە ئاسیا و ئەفەریقاوە هاتوون و، خاوەن بازاڕ و بزنسی خۆیانن.
تاوەکو ئێستایش گەڕان و پشکنین بە دوای تاوانبار و شوێنکەوتووەکانی ئەنجامدەرانی شاڵاوەکانی سەر پاریس درێژەی هەیە، نزیکە (١١٥) هەزار پۆلیس و، سەرباز و، هیزە ئەمنییەکانی دیکە بە ناو فەڕەنسادا بڵاوەیان پێکراوە بۆ پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی وڵاتەکە.
هەروەها ترس و دڵەڕاوکێ و ئەگەری کردەی تیرۆریستیی دیکە لە وڵاتانی ئەورووپا درێژەی هەیە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، بەهۆی گومانی کردەی تیرۆریستییەوە و، هەبوونی (بۆمب)ـەوە لەناو یاریگاییەک لە هانۆڤەری (ئەڵمانیا)ـیش، یاریی نێوان ئەڵمانیا و هۆڵەندا ئەنجام نەدار و یاریگاکە چۆڵ کرا.
و/ خالید گەیلانی




