ڕێگای خانەقین بەرە و دیالە و بەغدا داخرا

خانهقین-KDP.info- سەرەڕای خراپی ڕێگاكە بە تایبەتی لە ڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتیانی كورد، ئەمڕۆ بە درێژایی ڕۆژ، تەواوی ڕێگاكانی خانەقین بۆ دیالە و بەغدا داخران بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوە و بیانوویەك.
قایمقامی خانەقین محەمەد مەلا حەسەن بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕێگاکانی خانەقین بۆ ناوەندی دیالە واتە ڕێگای "ئیمام وەیس، نەفتخانە و، سەعدییە" هەرسێانەکەیان داخراون و، تا ئەم ئێوارەیە نەیانکردەوە."
محەمەد حەسەن گوتیشی: "پۆلیس و سوپای عێراق بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوە و بیانوویەك ڕیگاکانیان داخستبوو؛ سەرەڕای ئەوەی چەندینجار پەیوەندییان كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان لەوبارەیەوە دەست نەكەوتووە.
گوتیشی، ماوەی دوو حەفتەیە ڕەوشی ڕێگاكانی نێوان خانەقین و دیالە زۆر خراپە؛ بە تایبەت بۆ هاووڵاتیانی كورد.
سیروان جاف




