٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پاریس تۆڵە دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

پاریس -KDP.info-  فه‌ره‌نسا ده‌ستی كرد به‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و، داعشەکانی سووریای تێرکوت کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان لەوانە (سکای نیوز و، بی‌بی‌سی و، فرانس ٢٤) شەوی یەکشەممە لەگەڵ کردنەوەی کۆبونەوەی لووتکەی (گروپی ٢٠) فەرەنسا گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە سووریا ئەنجامداوە، بە (١٠ فڕۆکە) کە لە ئیمارات و ئەردەنەوە هەڵسابوون هێرشی چروپڕیان کردە سەر شوێنە ستراتیژییەکانی داعش لە ڕەقە، هەریەکە لە بنکەی فەرمان و کۆنتڕۆڵ و، یەکەکانی ڕاهێنان و مەشقکردن و، دامەزراندن و، کۆگای تەقەمەنیەکانیان باش کوتاون و تیرۆریستێكی زۆریان كوشتون.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسایش گوتی، ئێمە بەسەختی هێرشمان کراوەتە سەر، بۆیە پێویستە کاردانەوەی جیدی و، گورجکبڕمان هەبێت بۆ داعش.

دوایین گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی پاریس:
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) (مانوێڵ ڤاڵ) سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا گوتوویەتی شاڵاوەکانی پاریس لە سووریا داڕێژراون، هەروەها گوتیشی بەرپرسان لەو باوەڕەدان کە شاڵاوی نوێی دیکە لەوانەیە ڕووبدەن ئەوانە لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەوە پلانیان بۆ دادەنرێت .
پۆلیسی لێکۆڵینەوەی فەرەنسا تاوەکو ئێستا ناسنامەی حەوت شاڵاوبەری ئاشکرا کردوە و زۆربەیان ڕەگەزنامەی فەرەنسایی و بەلجیکایان هەیە جگە لە یەکێکیان کە سووریاییە، پۆلیس تاوەکو ئێستا نزیکە (١٥٠) هەڵمەتی پشکنینیان ئەنجام داوە و، نزیکەی (٢٤) کەسی گومانلێکراویان گرتوە.
ناسنامەی تاوانباران:
پۆلیسی فەرەنسا لەو باوەڕەدایە کە (عەبدولحەمید ئەباعود) سەری گروپە تیرۆریستیەکەیە ڕەگەزنامەی بەلجیکایی هەیە و، بەڕەچەڵەک مەغریبیە و، بەڵام تاوەکو ئێستا دڵنیانین کە ئاخۆ لەگەڵ هێرشبەرەکاندا بوبێت یان نا،  پۆلیس لە ئێستادا ناوی حەوت کەسی بەفەرمی ڕاگەیاندوە کە بریتین لە: (ساڵەح عەبدولسەلام) ٢٦ ساڵان خەڵکی بەلجیکایە ئێستا پۆلیس بە چڕی بەدوایدا دەگڕێت، (محمەد عەبدولسەلام) لە بەلجیکا لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، (ئیبراهیم عەبدولسەلام) ٣١ ساڵان لەنزیک هۆڵی ئاهەنگ گێڕانەکە کوژراوە، (عومەر ئیسماعیل) ٢٩ ساڵان لە نزیک باتاکلان کوژراوە، (بیلال حەدفی) ٢٠ ساڵان خۆکوژ لە نزیک ستەیدی دی فرانس کوژراوە، (ئەحمەد محەمەد) ٢٥ ساڵان خەڵکی سووریایە خۆکوژ بووە، (سامی ئەمیمۆر) ٢٨ ساڵان ئەویش خۆکوژ بووە. هەروەها دوو کەسی دیکەیش لەکاتی ئەنجامدانی شاڵاوەکان کوژراون.
شیاوی باسە، ئەمڕۆ دووشەممە هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە کاتژمێر (١١)ی بەیانیدا دەقیقەیەک ماتەمینی نیشتمانی و بێدەنگی بۆ قوربانیەکانی پاریس جێبەجێ دەکەن کە تیایدا (١٢٩) کوژراو و، نزیکەی (٣٥٠) کەسیش برینداربوون، هەر بۆ پشتیوانیی فەرەنسا زۆربەی شوێنە بەناوبانگەکانی جیهان لە دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیان بۆ گەلی فەرەنسا ئاڵای فەرەنسایان پۆشی.
و/ خالید گەیلانی

هەواڵی پەیوەندیدار