وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە ئاوەدانكردنەوەی شنگالدا بەشدار دەبێت

بەغدا -KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاری داوە بە شێوەیەكی بەرفراوان بەشداریی ئاوەدانكردنەوەی نەخۆشخانەی شنگال بكات و دواتریش كەلوپەل و كارمەند و ئامبۆڵانسی بۆ دابین بكات.
(د. فارس بریفكانی) سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە شنگال، زۆر دلخۆشی كردین و بە شانازییەوە لەنێو پەرلەمانی عێراق بڵاومان كردەوە، لەسەر ئەو ئاستەیش داوەتێكی فەرمیمان بۆ وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدڕال (د. عەدیلە) نارد و میوان بوو لە لیژنەكەمان و بە ئێمەی ڕاگەیاند، حكوومەتی فیدڕاڵ بە تایبەت وەزارەتی تەندروستی، بە شێوەیەكی بەرفراوان بەشدار دەبێت لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی نەخۆشخانەی گشتیی شنگال، چونكە هەمووی رووخاوە و لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە تەواوی تێك دراوە".
(بریفكانی) گوتیشی: "وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاری ئەوەیشی دا لە دوای ئاوەدانكردنەوەی نەخۆشخانەكە، تیمێكی تەواو لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و كەلوپەل و پێداویستیی تەندروستی لەگەڵ ئامبۆڵانس و عیادەی پزیشكیی گواستراوە، بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین دەكەن".
نەشوان بەرزنجی




