بە هۆی زۆریی بریندارەكانیانەوە، داعش 2 سەعات هاتوچۆیان قەدەغە كرد

مووسڵ-KDP.info- بە هۆی زۆریی بریندارەكانیانەوە، تیرۆریستانی داعش 2 سەعات لەنێو مووسڵ هاتوچۆیان قەدەغە كرد تا كەس نەیانبینێت، لە تەقینەوەیەكیشدا لە شارۆچكەی بەعاج، دوو ئەمیری داعش و ژمارەیەكی دیكە كوژران.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە شاری مووسڵ 2 سەعات یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ جێبەجێ كرا، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر بریندار و كوژراوی داعش گەڕانەوە نەخۆشخانەكانی مووسڵ بۆ ئەوەی كەس نەیانبینێت".
(مەموزینی) دەیشڵێت: "لە شارۆچكەی بەعاجی رۆژئاوای شاری مووسڵ، بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بومبڕێژكراو لە بارەگایەكی تیرۆریستانی داعشدا، 9 تیرۆرست كوژران كە دووانیان ئەمیرن بە ناوەكانی (ئەبوهادی) و (ئەبوئەیمەن) كە دەستیان لە زۆر تاواندا هەبووە، لە حەمام عەلیلی باشووری شاری مووسڵیش تەقە لە خاڵێكی پشكنینی داعش كرا و لە ئەنجامدا 4 داعش كوژران".
نەشوان بەرزنجی




