٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

توركیا له ‌كۆبوونه‌وه‌ی گرووپی 20ـدا سێ ته‌وه‌ری به ‌لاوه‌ گرینگه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info-  له‌ توركیادا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی جی 20 به‌ڕێوه‌ ده‌چێ توركیا سێ ته‌وه‌ری به‌ لا‌وه‌ گرینگه‌ و ده‌یه‌وێ له‌و كۆبوونه‌وه‌دا سوودی لێ وه‌ربگرێ.
بۆ یەکەمجارە وڵاتی تورکیا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی جی 20 دەکات، کە 20 وڵاتی پێشکەوتەی دنیا لەخۆ دەگرێت. پێشتر ئەو کۆبوونەوانە لە برۆکسل دەکرا، بەڵام بە کۆی دەنگی ئەندامانی جی 20 ئیدی تورکیا سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات و ئەمساڵیش بۆ یەکەمجار لە ئەنتالیا کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد.

سەرۆکی 20 وڵاتی گەورە لە ڕووی بازرگانییەوە ئێستا لە تورکیان و بەشدارن لەو کۆبوونەوەیە و جگە لەوەی خۆیان ئامادەی دەبن، ستافێکی گەورەیش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، بەڵام ئەوەی زۆرترین ستافی لەگەڵدایە سەرۆکی ولایەتە یەکگروتوەکانی ئەمەریکا (باراک ئۆباما)ـیە و بە پلەی دووەمیش شای سعوودیا  دێت کە 1000 کەسی لەگەڵدایە.
تورکیا گرنگییەکی زۆری بەو کۆبوونەوەیە داوە و، 2500 ڕۆژنامەنووس لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا ڕووماڵی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن. بە شێوەیەکی فەرمی سەرۆک وەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داودئۆغلو) سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات، بەڵام لە ئێستادا کەسی یەکەم کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات و پێشوازی لە سەرۆکان دەکات (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان)ـە.
هەر لە سەرەتاوە حکوومەتی تورکیا ڕێگەی بە چەند ڕۆژنامەیەکی ناوخۆی تورکیا نەدا ئەو کۆبوونەوە گەورەیە ڕووماڵ بکەن، بۆ نموونە یەکێک لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەی تورکیا (سۆزجو) لە ڕووماڵکردنی ئەو کۆبوونەوەیە بێبەش کراوە. ڕۆژنامەی ناوبراو داوای یاسایی تۆمار کردوە و، دەڵێت چونکە بەردەوام ڕەخنەمان لە حکوومەت گرتوە، بۆیە ئێمەیان سانسۆر کردوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بە پێچەوانەی سۆزجۆ وەڵام دەداتەوە و، دەڵێت بە نیازن لە گەورەیی کۆبوونەوەکە کەم بکەنەوە و، لە بەهای تورکیا کەم بکەنەوە، بۆیە هەندێک ڕۆژنامە سانسۆر کراوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە جگە لەوەی باس لە بارودۆخی ئاڵۆزی سووریا و عێراق دەکرێت، تیشکی سەرەکی دەخرێتە سەر بواری ئابووری.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، تورکیا لەسەر 3 تەوەری گرنگ دەوەستێت کە پێویستە وڵاتانیش بە گرنگییەوە لێی بڕوانن؛ وەبەرهێنان، چاره‌کردنی بێکاری، چۆنیەتی جێبەجێکردن.
وەبەرهێنان بۆ تورکیا زۆر گرنگە و بە نیازن لەو ڕووەوە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ وڵاتاندا بکرێت، کە تورکیا لە ڕووی وەبەرهێنانەوە خۆی پێ مەغدوورە و، دەیەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە تورکیا برەوی پێ بدرێت.
بێگومان بێکارییش دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە، چونکە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی تورکیا و وڵاتان کێشەی بێکارییە، بۆیە گرنگی زۆری پێ دەدەن.
ئەوەیشی پێویستە بڕیاری لە بارەوە بدرێت جێبەجێکردنە. بە گوێرەی گوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، لە کۆبوونەوەکانی دیکەی جی 20 چەندین جار بەڵێن دراوە کە لەسەر فڵان بابەت کاری جیدی گەورە دەکەن، بەڵام پاشان بەڵێنەکەیان نەبردوەتە سەر و تەنیا قسە بووە، بۆیە ئەمجارەیان تورکیا دەیەوێت بە جدی بە وڵاتان بڵێت کە هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکە دەربچێت پێویستە جێبەجێ بکرێت، بێگومان جیبەجێکردنەکەیش ئەو کات دەبێت کە ماوەی دیاریکراوی بۆ دانراوە.
تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە کە تورکیا بۆ ئەو کۆبوونەوەیە چەندی خەرج کردووە، بەڵام پێدەچێت پارەکە یەکجار زۆربێت، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی بەشدارن بە ڕۆژنامەنووسانەوە زیاتر لە 6هەزار کەسە.

کارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار