٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ناسنامەی یەکێک لە تاوانبارەکانی ڕووداوەکەی پاریس ئاشكرا بوو

سەرچاوە: KDP.info

پاریس-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) یەکێک لەو تیرۆریستانەی شاڵاوەکەی شەوی هەینیی پاریسیان کردووە لەلایەن پۆلیسی لێکۆڵینەوەی فەرەنساوە ناسنامەکەی ئاشكرا بوو.

بە پێی ڕاپۆرتەکە تیرۆیستە هێرشبەرەکە ناوی (عومەر ئیسماعیل مستەفا)یە و، (٢٩) ساڵ تەمەنیەتی ڕەگەزنامەی فەرەنسایی هەیە و بەڕەچەڵەک جەزائیرییە، لە شارۆچکەی (کۆرکۆرنێس)ـدا ژیاوە کە (٢٥) کیلۆمەتر لە باشووری پاریسەوە دوورە. یەکێک بووە لەو حەفت کەسەی کە خۆکۆژییەکانیان کردووە.
هەر لە دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکەی نزیکە شەش کەس لە کەسە نزیکەکان و کەسوکارەکەی براون بۆ لێکۆڵینەوە، وەرگرتنی زانیاری لێیان و، بە ئەگەری پەیوەندی و ئاگالێبوون و، ئاشکرکردنی شانەی نهێنی گروپە توندڕەوەکان.
لە ژینامەی ئەو تاوانبارەدا پۆلیس ئەوەی ڕایگەیاندووە کە  پەرێزی پیس بووە (سابیقەی تاوانی هەبووە) و، لە ساڵی (٢٠١٠)ـەوە توندڕەوی دەکا، بەڵام هیچ کات زیندانی نەکراوە و لەلایەن دژە تیرۆرەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، هەڵبەتە ئێستا لێکۆڵینەوە دەکەن ئاخۆ پێشتر سەفەری سووریای کردووە.
هەروەها پۆلیس دەستیان بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری (سێت)ـدا گرتووە کە چەکی تێدا دۆزراوەتەوە و، باوەڕ دەکرێت لە شاڵاوەکاندا چەکدارەکان بەکاریان هێنابێت، هەروەها چەند بیردۆزێک وا دەردەخەن کە بەشێک لە چەکدارانی توندڕەوی بەشدار لەو شاڵاوانە توانیویانە لەکاتی ڕووداوەکەدا هەڵبێن. بەشێوەییەکی گشتی پۆلیس ئەوەی زانیوە کە ئەو گروپانە لە کوێوە هاتوون و، چۆن بودجە و داراییان دابینکراوە.
شیاوی باسە، فەرەنسا لە ڕۆژی دووەمی گەلەپرسەدایە و، هەر ئەمڕۆش بڕیارە لە کەنیسەی (نۆتری‌دەیم) چالاکی و خزمەتگوزاری تایبەت بۆ کەسوکاری قوربانیەکانی شەوی هەینی و ئەوانەیش کە ڕزگاریانبووە ڕێکبخرێت.
بەهۆی ئەو ڕووداوەوە (فرانسۆ ئۆلاند) سەرۆکی فەرەنسا بەشداریی نەکرد لە کۆبوونەوەی سەرانی (جی٢٠)ی زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان لە ئەنتالیای تورکیا.
(مانوێڵ ڤاڵ) سەرۆکوەزیرانی فەرەنسایش لە لیدوانێکدا دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هێرشە ئاسمانییەکانی لە سووریا و، داعشیشی بە دژمنێکی زۆر باش ڕێکخراو زانی.
بەهۆی شاڵاوە تیرۆریستیەکانی شەوی هەینی لە پاریس نزیکەی ١٢٩ کەس کوژراون و، ٣٥٠ـی دیکەش بریندار بوونە کە ٩٩ کەسێکیان برینەکەیان سەختە.

و/ خالید گەیلانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار