زۆر شت لهبارهی كرده تیرۆریستییهكانی پاریسهوه

لهندهن-KDP.info- شەوی هەینی، لە چەند کردەییەکی خۆکۆژی و تیرۆریستیدا، پاریس خەڵتانی خوێن کرا و، ئەو ڕووداوە بە گەورەترین ڕووداو و، زۆرترین قوربانی لە فەرەنسا هەژمار دەکرێت دوای دووەم جەنگی جیهانی، هەروەها گەورەترین کردەی تیرۆریستیشە لە ئەورووپا دوای ڕووداوی ساڵی (2004)ی مەدریدی ئیسپانیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی)، لە وتەیەکیدا ئەمڕۆ شەممە (فرانسۆ ئۆڵاند) سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە ڕووداوەکە گوتی، ئەوە (کردەوەی شەڕە) و، ئەو ڕووداوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە ڕێک خراوە.
گوتیشی، ئەو شاڵاوە لەلایەن هەشت چەکدار و خۆکوژەوە ئەنجام دراوە و، لە دەرەوەی فەرەنساوە پلان و بەرنامەیان بۆ کێشراوە و ڕێک خراون، هەروەها بەڵێنی تۆڵەی دژی تیرۆریزم و بێڕەحمانیش دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆکی فەرەنسا بەهۆی گەورەیی کردەوە تیرۆریستییەکەوە، سێ ڕۆژ ماتەم و پرسەی نیشتمانی لە وڵاتدا ڕاگەیاند.
چۆنیەتیی ڕووداوەکە:
لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی شەوی هەینیدا لە پاریس، کە شەش شوێنی کردبووه ئامانج، زیاتر لە (127) کەس کوژراون و نزیکەی (200) کەسی دیکەش بریندار بوون كه برینی هەشتا کەسیشیان سەختە.
ڕوداوەکەی شەوی هەینیی پاریس، باڕەکان و، چێشتخانەکان و، کۆنسێرتەکان و، یاریگاکانی کردووەته ئامانج. تەنها لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان زیاتر لە هەشتا کەسیان کوشتووە، ئەو هۆڵە نزیکەی (1500) کەس لەخۆ دەگرێت كه چالاکی و گۆرانی لەلایەن گرووپێکی ڕۆک میوزیکی ئەمەریکاییەوە لێ پێشکەش کراوە.
جگە لەو هۆڵە، تەقە لە چێشتخانەکان کراوە و، لەوێش نزیکەی (40) کەس کوژراون و، تەقینەوەیش لە نزیک یاریگاییەک ڕوویداوە کە یاریی ئەڵمانیا و فەرەنسایی تێدا ئەنجام دراوە و، (فرانسۆ ئۆڵاند)ی سەرۆکی فەرەنسایش ئامادەی بووە.
لە شیکارەکەی ڕاپۆرتەکەی (بی بی سی)دا، پەیامنێرکە نووسیویەتی ئەوەی کە ڕوویداوە لە شەوی هەینیدا، ڕێک ئەو شتەیە کە هێزەکانی ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپا زەمەنێکە لێی دەترسێن و، بەهەموو توانایانەوە هەوڵیان داوە کە ڕوو نەدات.
بەپێی زانیارییهكانی ڕاپۆرتەکە، ئەو هەشت چەکدارەی کردەوە تیرۆریستییەکەیان ئەنجام داوە، حەوتیان خۆکوژی بوون و خۆیان تەقاندووهتەوە و، یەکێکیشیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژراوە.
دوابەدوای ڕووداوەکەیش دەستبەجێ (ئۆڵاند)ی سەرۆکی فەرەنسا، باری لەناکاوی ڕاگەیاند و فەرمانی دا، سوپا و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێ بکرێت و سنوورەکان تووندوتۆڵ بکرێن و ئاسایشی وڵات بپارێزن، پاریس لە دوای ساڵی (2005)ەوە ئەوە یەکەم جارە باری لەناکاوی بەپەلەی نیشتمانی ڕادەگەیێنێت، زۆرترین هێزیشی بڵاوە پێکردووە.
هەریەکە لە (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی ئەمەریکا و، (دەیڤد کامیڕۆن)ی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و، پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی وڵاتانی دیکەی جیهانیش، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ گەلی فەرەنسا هەروەها ئامادەییشیان دەربڕیوە بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست و، ئەو کردەوەیە بە شاڵاوێک لە دژی ئاشتیی مرۆڤایەتی دەزانن.
و/ خالید ئەحمەد




