٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە پڕۆژەیاسای ٢٠١٦ـدا هاتووە، بەغدا پابەند نەبێت، هەرێم دەتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، خاڵێكی گرینگ لە بەرژەوەندی كورد لەناو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەوكات هەرێم دەتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت.

(د. عەرەفات كەرەم) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراقدا ١٧%ـە، ئەگەر بوودجەی سیادی و حاكیمەی لێ دەربهێندرێت دەكاتە زیاتر لە ١٢ ترلیۆن دینار، بۆیە گرینگە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و رێككەوتن لەبارەی بوودجە و نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراقدا واژۆ بكات، چونكە پڕۆژەیاساكە خوێندنەوەی بۆ كراوە و پێویستی بەوە هەیە هەرێم و بەغدا گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی نێوانیانەوە بكەن".
(كەرەم) گوتیشی: "هەرچەندە باس لەوە دەكرێت هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا، بەڵام جارێ تەنیا دەنگۆیە و نەبووەتە فەرمی، بۆیە هاتنی شاندی كوردی بۆ بەغدا زۆر پێویستە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێت، هەمان رێككەوتنی ئەمساڵ لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو هەیە، بەڵام خاڵێكی گرینگ هەیە كە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە ناردنی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان، ئەوكات هەرێمیش دەتوانێ پابەند نەبێت و نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، كە ئەمە لە بەرژەوەندیی كورددایە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار